کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڵاوکراوەی کۆنگرێسی ئەمریکا: سپای پاسداران بخەنە نێو ڕیزی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە

21:36 - 29 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: بڵاوکراوەی گرێدراوی کۆنگرێسی ئەمریکا نووسیویە: کاتی بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران هاتووە.

لەو بڵاوکراوەدا وێڕای ئاماژەدان بە بەشداریی بەربڵاوی هێزەکانی سوپای پاسداران لە سووریە بە مەبەستی پشتیوانی لە ڕێژیمی ئەسەد، نووسیویە: وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لەساڵی ٢٠٠٧ی زایینی‏دا، هێزەکانی قودسی سوپای پاسدارانی وەکوو دامەزراوەیەکی تیرۆریستی ناودێر کردبوو. هێزەکانی سوپای قودس باسکی دەرەوەی سنوورەکانی سوپای پاسدارانن. سوپای پاسداران و هێزی قودس هەر یەکن و دەبنە هۆی ناسەقامگیر بوونی ناوچەکە.

لە درێژەش‏دا دەنووسێت: ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە دەوڵەتی ئەمریکا، ئەو جیاوازییە دەستکردە وەلا بنێت و سوپای پاسداران بە هەموو لقەکانیەوە بە تیرۆریست بناسێنێت.

پێشنیاری ئەو بڵاوکراوەیە لە حاڵێکدایە کە حکوومەتی ئەمریکا و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە هەتا ئێستا بە چاوپۆشی کردن لە ڕاستییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، خۆ لە بەتیرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، کە سوپای قودس تەنیا لقێکی تیرۆریستیی ئەو ڕێکخراوەیە، دەبوێرن.