کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڵاوکردنەوەی وێنەی پیرەژنێکی قەزاقستانی وەک فەرماندەیەکی داعش

11:39 - 11 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ڕاگەیەندراوەکانی سەر بە ڕێژیم لە دوای هێرشە مووشەکییەکەیان بۆ سەر داعش لە سووریە وێنەی پیرەژنێکی خەڵکی قەزاقستانیان بەهەڵە لە جێی فەرماندەیەکی کوژراوی داعش بڵاو کردەوە.

لە دوای هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر، بۆ سەر بنکەیەکی داعش لە سووریە، ڕاگەیاندنەکانی سەر بە ڕێژیم وێنەی ژنێکی بەتەمەنی قەزاقستانیان وەک وێنەی "ئەبوو عەلی ئەلمەشهەدانی" بڵاو کردەوە.

ئەم ژنە قەزاقستانییە ناوی "مختابر ئابا"یە و تەمەنی ٧٠ ساڵە و بە هۆی تێکچوون لە هۆرمۆنەکانیدا ڕیش و سمێڵی هەیە و زیاتر لە ٣٥ ساڵ دەبێت کە ڕیشی لا نەبردووە.

هێشتا ڕوون نییە کە هۆکاری بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەم ژنە لە میدیاکانی سەر بە ڕێژیم وەک فەرماندەی کوژراوی داعش چییە.

دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی ئەم ژنە لە میدیاکانی سەر بە ڕێژیم وەک وێنەی ئەبوو عەلی ئەلمەشهەدانی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە و بووەتە هۆی گاڵتە و پێكەنین.

سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە ڕاگەیەندنەکان ئەم وێنەیانە ڕەش کردووەتەوە، بەڵام هێشتا لە هەندێک لە ماڵپەڕەکان وێنە و هەواڵەکە ماوەتەوە و ڕەش نەکراوەتەوە.