کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێئاوی لە بانە ١٠ هەزار واژۆ کۆ کراوەتەوە

17:09 - 2 سەرماوەز 2721

ئەنجوومەنی ژینگەپارێزیی بانە ـ پاژین سەبارەت بە کۆکردنەوەی واژۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێئاوی لە شاری بانە سەر بە پارێزگای سنە لە ڕێکەوتی ٢٤ هەتا ٣٠ خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە زیاتر لە ١٠ هەزار واژۆ کۆ کراوەتەوە. هەروەها پاژین داوای لە خەڵک کردووە کە هەموو کات ئاوا شێلگیرانە و مەدەنیانە پاڵپشت و یارمەتیدەری ئەنجومەنی پاژین بن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

هاوشاریانی بەڕێز و بەفەرهەنگی بانەیی، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و بەرپرسان و لایەنە پێوەندیدارەکانی بانە!

هەروەک ئاگادارن ئەنجومەنی پاژین لە ڕۆژی ۲٤ی خەزەڵوەر هەتا ۳٠ خەزەڵوەری ۱٤٠٠ی هەتاوی، بە مۆڵەتی ڕەسمی کە پێی درابوو، هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێئاوی لە شاری بانەی بەڕێوە برد.

لە پاش ڕاگەیاندن و دەستپێکردنی ئەم هەڵمەتە، خەڵکێکی زۆر لە هەموو چین و توێژەکانی نیشتەجێی بانە ڕوویان کردە شوێنی هەڵمەتەکە و ناو و واژۆی خۆیان لەسەر تۆمارێک کە بۆ ئەو بابەتە دابین کرابوو نووسی هەتا بە شێوازێکی مەدەنیانە و دوور لە توندوتیژی داخوازیی خۆیان واتە دابینکردنی ئاوی خاوێن و هەمیشەیی بگەیەننە دەسەڵات و لایەنی پێوەندیدار کە ئەم داخوازییە ڕەوایە، مافی بێ ئەملاولای هەموو تاکێکی نیشتەجێی ئەم وڵاتەیە و توانرا لەم هەڵەمەتەدا زیاتر لە ۱٠ هەزار واژۆ لە شارۆمەندانی بانەیی کۆ بکرێتەوە.

هەر بۆیە بە پێویستمان زانی کە لە ڕێی  ئەم ڕاگەیەندراوەوە سپاس و پێزانین و ئەمەگناسیی خۆمان ئاراستەی هەموو دانیشتووانی بانە هەر لە خەڵکی ئاسایی دانیشتووی ناوشار و گوندەکانی بانە؛ ژن، پیاو، کچان، کوڕان، پیر، گەنج، ئەنجومەنە خەڵکییەکان، گرووپە وەرزشی، شاخەوانییەکان، گرووپەکانی شانۆ، هەڵپەڕکێ و هەموو ئەو ڕاگەیاندنانەی بانە و تەواوی ئەو لایەن و بەرپرسانەی کە بە دەنگمانەوە هاتن و بەشداریی ئەم هەڵمەتە بوون و یارمەتیدەرمان بوون، بکەین.

هیوادارین کە خەڵکی بانە و دانیشتووانی هەموو کات ئاوا شێلگیرانە و مەدەنیانە پاڵپشت و یارمەتیدەری ئەنجومەنی پاژین بن هەتا ماف و داخوازییەکانیان لە بواری ژینگە و ژینگەپارێزی دەستەبەر ببن.

هەروەها داواکارین لە بەرپرسان و لایەنە پێوەندیدارەکان کە بە دەم ئەم داخوازییە ڕەوا و مەدەنیانەی خەڵکەوە بێن و بە زووترین کات چارەسەری ئەم دۆخە بکەن تا لە داهاتوودا دەرهاوێشتەی خراپی کۆمەڵایەتیی لێ نەکەوێتەوە و خەڵک بتوانن ئاوێکی هەمیشەییان هەبێت.