کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیانووی ڕێژیمی ئێران دوای هاویشتی مووشەکەکان گاڵتەجاڕه

09:51 - 12 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بلاڤۆکی بیزنس ئینسایدر لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، مووشەک هاوێژیی ڕێژیمی ئێران بۆ شاری ئەبووکەماڵی سووریە، کە چەند دانەیان لە کرماشان تەقینەوە، بابەتێکی گاڵتەجاڕییە.

"ئالێکس لاکی" لە وتارێکدا لە بلاڤۆکی "بیزنس ئینسایدر" (Businessinsider) باسی لەوە کردەوە کە کوردەکانی ئێران دەڵێن مووشەکە هاوێژراوەکانی سپای پاسداران بۆ پایەگاکانی داعش لە شاری ئەبوو کەماڵ لە وڵاتی سووریە، هەر لە ئێران تەقیونەتەوە.

ئەو بلاڤۆکە بە پشت بەستن بە سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" باسی لەوە کردووە کە یەکێک لە مووشەکەکانی سپا لە مەزرایەکی کرماشان کەوتووەتە خوارەوە کە زیانێکی زۆری بەدواوە بووە؛ ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە هێزی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران بەهێز نییه و ئیدعای بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە ڕەت دەکاتەوە.

لە ڕاپۆرتەدا باس لەوەش کراوە کە هەواڵدەریی "فارس" دوای ئەو مووشەک هاوێژییەی سپای پاسداران ویدیۆیەکی بڵاو کردەوە هەتا پیشان بدات کە ئەوەی لە کرماشان تەقیوەتەوە باکی سووتەمەنیی مووشەکەکە بووە نە خودی مووشەکەکە.

لەو ویدیۆیەدا سپای تێرۆریستی پاسداران لە ئەنیمەیشێنێکدا؛ ڕێگای مووشەکەکە، جیابوونەوەی مووشەکەکە لە ئەسڵی بەدەنە و کەوتنەخوارەوی بەدەنەی مووشەکەکەی لە مەزرایەکدا بڵاو کردەوە.

لەو بارەیەوە "بابەک تەقوایی" کارناسی کاروباری نیزامی باسی لەوە کردووە، سپای پاسدان میلیاردها دۆلار لە بوودجەی هەوایی ئەرتەشی دزیوە هەتا مووشەکی خاڵپێکی قیامی ١ دروست بکات، کەچی ئەو مووشەکانە جێگای باوەڕ نینە و بەردەوام دەکەونە خوارەوە.

 شەوی دووشەممە ٩ی ڕەزبەر کاتژمێر ٢ی نیوەشەو بە کاتی ئێران، سپای تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران، لە ناوچەیەک لە نزیکی شاری کرماشان، ٥ مووشەکی بالستیکی لە جۆری زەوی بۆ زەوی بەرەو بنکە و بارەگای دژبەرانی ئەم ڕێژیمە لە ڕۆژهەڵاتی فورات لە وڵاتی سووریە هاویشت.

بەپێی زانیارییەکانی کە بە دەستی ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتبوو، چەند مووشەکێک لەو ٥ مووشەکە لە نزیکی شاری کرماشان تەقیوونەتەوە، کە دەنگی ئەم تەقینەوانە بوونەتە هۆی ترساندن و نیگەرانیی خەڵکی ئەو ناوچەیە.