کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"بیمەی سڵامەت" کەرەستەیەکی نوێی ڕێژیم بۆ بەتاڵانبردنی گیرفانی کۆمەڵانی خەڵک

12:31 - 6 خەزەڵوەر 2720

جۆرەکانی بیمە لە ئێران ئیتر وەک پشتیوانێک بۆ داهاتووی خەڵک چاوی لێ ناکرێت. بەڵکوو ڕێژیم لەو ڕێگایەوە دەیهەوێت ماڵ و سامانی خەڵک تاڵان بکات هەتا ئابوورییە داڕماوەکەی ماوەیەکی دیکە ئەگەر بە ڕواڵەتیش بێت خۆی بە پێوە بگرێت .

تەعرفە و تێچووی ماوەدارکردنی هەموو بیمەکان بە شێوەی تاکلایەنانە و لەلایەن ناوەندەکانی ڕێژیمەوە ساڵانە گران دەکرێت .

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا تەعرفەی تەواوی بیمەکانی "تەئمینی ئیجتماعی" و "ئێران" و... زۆر گران بووە و هەر ئەمەش ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە .

لە ساڵانی ڕابردوودا بنەماڵەکان بە دانی ۱۰۰۰ هەتا ٥۰۰۰ تمەن، تەواوی دەفتەرچەی بیمەی بنەماڵەکەیان ماوەدار یان درێژ دەکردەوە. هەرچەند کە ئەو بیمەیە هیچ کارێکی جگە لە وەرگرتنی خزمەتگوزارییەکی ئاسایی پزیشکی لە ناوەندە حکوومەتییەکاندا پێ ناکرێت و ڕێژەی خزمەتگوزاریش لەو ناوەندە لە ئاستێکی زۆر نزمدایە .

ئێستا ڕێژیم بۆ درێژکردنەوەی ساڵانەی بیمەی سڵامەت لە هەر تاکێکی کۆمەڵگا ٦٦٨ هەزار و ٤٠٠ تمەن واتە مانگی ٥٥ هەزار و ٧٠٠ تمەن وەردەگرێت. بەم پێیە بنەماڵەیەکی پێنج کەسی کە ناچارن ئەو بیمەیە وەربگرن ساڵانە دەبێ ٣ ملیۆن و ٣٤٢ هەزار تمەن بڕێژنە حیسابی ڕێژیمەوە.

ئەم ڕێژە لە گرانی وەک بارێکی قورس و ناوەخت تەنگی بە خەڵکی هەژار و کەمداهات هەڵچنیوە، هەر بۆیەش زۆربەی خەڵک ئیدی دەفتەرچەی بیمەکانیان درێژ ناکەنەوە.

بە زۆربەی دەفتەرچە بیمەکانی ئێران و یەک لەوان بیمەی سڵامەت هیچ دەرمانێکی خارجی و خزمەتگوزارییەکی شیاوی پزیشکی نادرێت.

لە هەندێک لە شارەکانی کوردستان، زۆربەی خەڵک دەفتەرچەکان لە دەفتەرەکانی پێشخانی ڕێژیم ئیتر تەمدید ناکەنەوە، یان ئەگەر درێژیشیان کردبێتەوە وەریانناگرنەوە، چونکە لە توانایاندا نییە ئەو پارە زۆرە بۆ ئەو دەفتەرچە بێکەڵکانە بدەن .