کوردستان میدیا: بڵاڤۆکێکی ئینتەرنەتیی ئامریکایی، باسی لە ئەگەری گەمارۆدانان لەسەر بەشی بیناسازی و ئەندازیاریی ئێران لە لایەن ئامریکاوە کردووە.
بڵاڤۆکی ئینتەرنەتیی "واشێنگتۆن فری بیکێن"، لە بابەتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە بۆ حەوتووی داهاتوو ئەگەری هەیە ئامریکا گەمارۆ بخاتە سەر بەشەکانی "کانزا، بیناسازی و ئەندازیاریـ"ـی ڕێژیمی ئێران.
ئەو بڵاڤۆکە باسی لەوە کردووە کە ئامریکا بە دانانی ئەو گەمارۆوانە بۆ سەر بەشەکانی کانزا، بیناسازی و ئەندازیاری، دەیهەوێت سەرچاوەی داهاتی غەیرە نەوتیی ڕێژیم لەو بەشەدا ببڕێت.
"واشێنگتۆن فری بیکێن" بەنیسبەت کاریگەریی گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی ئێران، باسی لەوە کردووە کە هێزە چەکدارەکانی ئەو ڕێژیمە بەشێکی بەرچاو لە ئابووری و بەشێوەی تایبەت بەشی "فلز"ی لە کونترۆڵی دایە و بۆ مەبەستی نیزامی بەکاری دێنێت.
بەو هۆیەوە، گەمارۆکان دەبنە هۆی کێشە خولقاندن لە بەردەم ئەو ئامانجە نیزامییانەدا و گوشار بۆ سپای تێرۆریستی پاسداران دەهێنێت.
لە بەرانبەریشدا ترامپ هیچ کردەوەیەک لە خۆی بۆ کەمکردنەوەی گەمارۆکان لەسەر ئێران نیشان نادات و ئەمە بووەتە هۆی ڕق و تووڕەیی ڕێژیمی ئێران.