کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی فەرانسە: دەبێت تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی وەک تاوان دژی مرۆڤایەتی بناسێنرێن

12:44 - 28 خەزەڵوەر 2726

ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرانسە ڕایگەیاند کە پێویستە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەک سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران پەسەند بکات و تێیدا تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دژی خەڵکی ئێران بە فەرمی وەک "تاوان دژی مرۆڤایەتی" بناسێنێت.

ژان نۆئێل بارۆ ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر لە وتارێکدا لە ئەنجومەنی نیشتمانیی فەرانسە، بە ئاماژەدان بە کوژرانی ژنان، پیاوان و منداڵان لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤دا، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ خەباتی کۆمەڵگەی مەدەنی، لاوان، خوێندکاران و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: "بەبێ دادپەروەری هیچ ئاشتییەک بوونی نییە و بەبێ ڕاستیش هیچ دادپەروەرییەک لە ئارادا نییە."

وەزیری دەرەوەی فەڕانسە جەختی کردەوە کە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی و داخرانی گەرووی هۆرمۆز نابێت ببێتە هۆی ئەوەی سەرکوتی خەڵکی ئێران لەلایەن دەسەڵاتەوە لەبیر بکرێت.

ناوبراو ڕایگەیاند کە فەرانسە ڕێگە نادات تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران بەبێ سزا تێپەڕن و ئاشکرای کرد کە پاکێجێکی نوێی سزاکان دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی و ناوەندە بەرپرسەکان لە سەرکوتکردندا دەکاتە ئامانج.

هەر لەو دانیشتنەی پارلەمانی فەرانسەدا، مای ساتۆ، ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران، ڕایگەیاند کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە کاتی شەڕیشدا لەسێدارەدانیان ڕانەگرتووە و دۆخی شەڕیان بۆ بەلاڕێدابردنی سەرنجەکان لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بەکار هێناوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕەها بەحرەینی، توێژەری ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە وتەکانیدا لە پارلەمانی فەرانسە جەختی لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە پارێزبەندیی بکەرانی سەرکوت کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە تەنیا بەڵگەدارکردنی تاوانەکان بەس نییە، بەڵکوو دەبێت لێکەوتەی یاسایی و نێودەوڵەتی بۆ فەرماندە و بەرپرسانی تێوەگلاو هەبێت.