ئەمریکا تۆڕێکی قاچاخی زێڕ و پارەی نەخت بۆ حیزبوڵڵای لوبنان و دامەزراوەیەکی خێرخوازیی ڕووکەشی سەر بەو گرووپەی گەمارۆ دا کە بە هاوکاریی هێزی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسداران سەرچاوە داراییەکانی حیزبوڵڵا دابین دەکەن.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ ڕایگەیاند کە دامەزراوەی "وتعاونوا" لە لوبنان بە سەرۆکایەتیی "عەفیف عەبدولڕەزا شومان" و چەندین کەس و کۆمپانیا لە لوبنان و تورکیە سزا دراون.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە پەیامێکدا هۆشداریی دا کە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ پێشێلکردنی سەروەریی لوبنان لە ڕێگەی گرووپە تێرۆریستییە نیابەتییەکانییەوە قەبووڵ ناکرێن.
بەپێی ئەو بەیاننامەیە، دامەزراوەی "وتعاونوا" لەژێر پەردەی فریاگوزاریدا پارە و چەک بۆ حیزبوڵڵا دەگوازێتەوە.
هاوکات "حەسەن خەشەن" و براکەی ئیبراهیم لەگەڵ کۆمپانیاکانی "گۆڵد گڵۆباڵ" لە لوبنان و "سانکاری گۆڵد" لە تورکیە، بە تۆمەتی گواستنەوەی سەرچاوە داراییەکانی هێزی قودس و شمشی زێڕ لە ڕێگەی وڵاتانی جیاوازەوە بۆ حیزبوڵڵا سزا دراون.
ئەم سزایانە لەکاتێکدان کە دوای ڕێککەوتنی ٥ی پووشپەڕی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، حیزبوڵڵا بە پشتیوانیی تاران ڕەتی دەکاتەوە چەک دابنێت؛ لەکاتێکدا مەرجی سەرەکیی ئیسرائیل بۆ کشانەوە لە باشووری لوبنان، چەککردنی تەواوەتیی ئەو گرووپەیە.