کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری ئەمنییەتی نێوخۆی ئەمریکا: کۆماری ئیسلامی ژێرخانە هەستیارەکانی ئەمریکای کردووەتە ئامانج

12:47 - 28 خەزەڵوەر 2726

مارکۆین مالین، وەزیری ئەمنییەتی نێوخۆی ئەمریکا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی و گرووپە سایبێرییەکانی سەر بە تاران، لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانی ئەمساڵەوە، تۆڕی ژێرخانە هەستیارەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانجی هێرشی سایبێری.

مارکۆین مالین لە بەڵگەنامەیەکی نووسراودا کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر پێشکەشی کۆمیتەی ئەمنییەتی نێوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردووە، ئاماژەی بەوە داوە کە لە مانگی فێورییەوە چالاکییە سایبێرییەکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو کەرتەکانی گواستنەوە، تەندروستی، ئاو، وزە و خزمەتگوزارییە داراییەکانیان کردووەتە ئامانج.

ناوبراو هۆشداریی دا کە هەرچەندە پێشتر ئەو هێرشانە زیانی سنوورداریان هەبووە، بەڵام لاوازیی پاراستنی سیستەمەکان دەتوانێت ببێتە هۆی پەککەوتنی بەرفراوان و لێکەوتەی مەترسیدار.

ئەم هۆشدارییە لەکاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پەککەوتنی خزمەتگوزارییە بانکییە ئانلاینەکان و وەستانی کاتیی گەشتە ئاسمانییەکان لە ئەمریکا، نیگەرانیی لەبارەی ئەگەری هێرشی سایبێریی ڕێکخراو دروست کردبوو.

لەگەڵ ئەوەشدا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەمان ڕۆژ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە مانیلای پایتەختی فیلیپین ڕایگەیاند کە هیچ هەڕەشەیەکی نزیک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ سەر خاکی ئەمریکا لە ئارادا نییە و جەختی کردەوە کە هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت پەککەوتنە تەکنیکییەکانی ئەم دواییەی بانکی و فڕۆکەوانی پەیوەندییان بە هێرشی سایبێری یان دەستی دەرەکییەوە هەبێت.

هاوکات ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لە حەفتەکانی ڕابردوودا لە زیادبوونی پیلانەکانی تاران بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسان و کارمەندانی ئەمریکایی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەنانەت ئەگەری پلاندانان بۆ هێرش لە نێوخۆی ئەمریکا هۆشدارییان داوە، هەرچەندە کۆشکی سپی جەختی کردووەتەوە کە تا ئێستا هیچ هەڕەشەیەکی جێی متمانە و دەستبەجێ بۆ سەر خاکی ئەمریکا تۆمار نەکراوە.