"نوسرەتوڵـڵا لوتفی" بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی پارێزگای "ئیلام" وتوویەتی: "بینا گەورەکانی پارێزگای ئیلام لە هەبوونی کەرەستەی ئاگرکوژێنەوە بێبەشن".
"لوتفی" وتوویەتی: "لەگەڵ ئەوەیکە بەردەوام داوای کەرەستەی ئاگرکوژێنەوەمان کردووە، هەتا ئێستا هیچ هەوڵێکی کاریگەر بۆ دابینکردنی ئەو کەرەستانە کە بۆ ئاگرکوژێنەوە پێویستن لەلایەن بەرپرسانەوە ئەنجام نەدراوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە زەنگی مەترسیی ئاگرکەوتنەوە لە بینا گەورەکانی ئەو پارێزگایە کە لە هەبوونی ئەو کەرەستانە بێبەشن هەرکات لەوانەیە لێ بدرێت".
"ماشینی فوماتیک، پلیکانەی هیدرۆلیک بە درێژایی لانیکەم ٣٢ میتر و ماتۆڕ سیکلێت و..." بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاگرکەوتنەوە لەناکاوەکانی پارێزگای "ئیلام" پێویستن.
بەڕێوەبەریی گشتیی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی ئەو پارێزگایە لە درێژەدا بە ئاماژەدان بە ئاگرکەوتنەوە لە بینا بڵیندەکانی وەکوو "پلاسکۆ"ی تاران و "ڕامیلا"ی ئەنزەلی و "ساڵح ئەلمەهدیـ"ـی کرمان، هۆشداریی بە بەرپرسانی ئەو پاریزگایە دا و وتیشی کە ئاگرکەوتنەوە لە بینا بڵیندەکانی "ئیلام" دوور لە چاوەڕوانی نییە و بە پەرەگرتنی ئەو بینایانە دەبێ کەرەستەی باش دابین بکرێت.