کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێدەسەڵاتی سەرکۆماری ڕێژیم و ململانێیەکانی نێو نیزام

16:39 - 16 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕۆحانی لە پەیجی ئینستاگرامی خۆیدا، سەبارەت بە داخستنی تێلێگرام، ڕێبەری ڕێژیمی بە بەرپرسیار زانیوە.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٤ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە دژکردەوەیەک سەبارەت بە داخستنی تێلێگرام، لە پەیجی ئینستاگرامی خۆیدا نووسیویە: هەوڵی دەوڵەت ئەوە بووە کە فەزای مەجازی ئەمن بکرێت، نەک ئەمنییەتی؛ دەوڵەت لە داخستنی تێلێگرام نە دەستی بووە و نە پەسەندی دەکات.

ڕۆحانی هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە سەرووترین ئاستی نیزامدا لەسەر پەیوەندییەکانی خەڵک بڕیار دراوە و دەبێت خاوەنە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە کە خەڵکن ئاگادار بکرێن و ئەو بڕیارانە دژایەتییان لەگەڵ دێموکراسی هەیە.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە سەرکۆماری ڕێژیم، بەرپرسی شۆرای باڵای ئەمنییەتیی نیشتمانی بە ئەژمار دێت و بڕیارە باڵا ئەمنییەتییەکان لە ڕێگەی ئەو شۆرایەوە پەسەند دەکرێت، بەڵام بەگشتی خامنەیی تەنیا بڕیاردەری نیزامە.

لە سیستمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، ڕێبەری ڕێژیم لە هەموو بەشەکانی بەڕێوەبەری و بڕیارداندا دەستێوەردان دەکات و قسەی کۆتایی لە لایەن ڕێبەری ڕێژیمەوە دەکرێت، بەڵام لە کاتێکدا کە دەوڵەت یان بەشەکانی دیکەی ئەو نیزامە کە بۆ خۆیان دەستیان هەیە لە بڕیارەکانی ڕێبەریدا، بۆ ڕای گشتی خەڵکی ئێران، باس لەوە دەکەن کە ئاگاداری بڕیارەکان نین.

لە لایەکی دیکەشەوە ململانێیەکانی نێوان بەرپرسانی ڕێژیم و چەند بەرەکی لە نێو نیزام، وای کردووە، کە بەرەکان بە دژی یەکتر بەڵگە دەخەنە ڕوو و هەندێک لە ڕاستییەکان لە نێو شەڕەکانیاندا ئاشکرا دەکەن، بەڵام ڕۆحانی لە کاتێکدا باس لە دێموکراسی دەکات، کە سیستمی ڕێژیم بە دژی هەر شێوە سیستمێکی دێموکراتیکە.

ئەو باسانە لە نێو بەرپرسانی ڕێژیم و هەندێک جار پاڵپشتی کردن لە خەڵک تەنیا بۆ ئاراستە و چەواشە کردنی ڕای گشتیی خەڵکی ئێرانە و لەو سیستمە دواکەوتووەی ڕێژیمی ئیسلامی، تەنیا شتێک کە گرنگ نییە خەڵکە و بەرپرسان نوێنەری خودان و تەنیا بەرژەوەندیی خۆیان لە بەرچاو دەگرن.