کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێڕێزی بەرپرسانی ڕێژیم بە خەڵکی لافاولێدراوی ناوچەکانی ئەهواز

13:45 - 20 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بێڕێزی بە خەڵکی لافاولێدراوی ناوچەکانی ئەهواز دەکەن.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە کاتی سەردانە شانۆییەکانیاندا بۆ ناوچە کارەساتبارەکانی هەرێمی ئەهواز، نەک  تەنیا هیچ دەردێک لە خەڵکی لێقەوماوی ئەو ناوچانە دەرمان ناکەن، زامەکانیشیان دەکولێننەوە و لە بەرانبەر ڕەخنە و ڕاستییەکاندا تووڕە دەبن و بێڕێزی بە خەڵکی لافاولێدراوی ئەو ناوچانە دەکەن.

ڕۆژی دووشەممە، ۱۹ی خاکەلێوە، غوڵامڕەزا شەریعەتی، پارێزگاری دەستنیشانکراوی ڕێژیم لە پارێزگای خووزستاندا، لەگەڵ کۆمەڵێکی تر لە بەرپرسانی ڕێژیم لەو پارێزگایە، لە سەردانێکی شانۆییدا بۆ ناوچە لافاولێدراوەکان، لەگەڵ ڕەخنەی یەکێک لە هاووڵاتییانی عەرەبی ئەو ناوچانە ڕووبەڕوو دەبێتەوە و لە وڵامی ڕەخنەکەیدا توورە دەبێت و بێڕێزی بەو هاووڵاتییە دەکات.

ئەو هاووڵاتییە عەرەبە، بە مەبەستی ڕەخنەگرتن لە پارێزگاری خووزستان نزیک بووەوە و وتی: "من نە ماڵم لێرە هەیە و نە ژیانم لێرەیە، ماڵ و ژیانی من لە شاری ئەهوازە، بەڵام من وەکوو هاووڵاتییەکی دڵسۆز هاتوومەتە ئێرە. ئێمەش عەرەبین، وەکوو عەرەبەکانی سووریە و لوبنان و فەلەستین و ...، بۆچی یارمەتییەکانی ڕێژیم تەنیا بۆ عەرەبەکانی سووریە و فلستین و لوبنان و وڵاتانی ترە، بۆچی ئاوڕێک لە عەرەبە لێقەوماوەکانی ناوچەکانی ئەهواز نادەنەوە".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە بەرانبەر ڕەخنەکانی ئەو هاووڵاتییە عەرەبەدا، زۆر بە تووڕەیی و بێڕێزییەوە وڵامی دایەوە و وتی: "قسەی نەشیاو و نەگونجاو مەکە، بڕۆ لێرە ون ببە و نەتبینمەوە، دژبەری بێئەدەبی نیزام، لێرە بڕۆ دەرەوە و لە پێش چاوم ون ببە وتم"!

گرتە ڤیدیۆی بێڕێزییەکانی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە و لەم بارەوە کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسیی، مەدەنی، مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان، وەرزشوانان، خوێندکاران و هونەرمەندان، لە سەرتاسەری ئێران و بەتایبەتی لە هەرێمی ئەهوازدا، داوا لە پارێزگاری خووزستان دەکەن، کە بە فەرمی داوای لێبووردن لەو هاووڵاتییە عەرەبە ڕەخنەگرە بکات.