کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەر دروستکردنی هەلی کار دۆشداماوە.
بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی ڕێژیمی ئێران، بازاڕی کار لە ئێراندا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتربوون دەڕوات و لە مانگەکانی ڕابردوودا بەردەوام هەلی کار لە دەستچووە و ئاماری بێکاران زۆر لە ڕێژەی ئاسایی خۆی بەرزتر بووەتەوە.
بەشی زۆری بێکاران ئەو لاوانەن خوێندنی باڵایان تەواو کردووە و دەرچووی زانکۆکانن، کە ساڵانە زیاتر لە یەک میلیۆن کەس بە بازاڕی کار زیاد دەبێت.
لە دوای دەسپێکردنی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران و بەهۆی خراپی دۆخی ئابوورییەوە کۆمپانیا و شیرکەتەکانی ئێران بەشێوەیەکی بەردەوام ڕوو لە داخرانن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر بوونی ڕێژەی بێکاران.
لە ئێستەدا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس کە خوێندنیان لە پلەی دوکتۆرادا تەواو کردووە بێکارن و وەزیری کاری ڕێژیم پێش دەسپێکردنی دەوری دووهەمی گەمارۆکان ڕایگەیاندبوو، کە ئەگەری ئەوە هەیە لە دوای دەسپێکردنی گەمارۆکان زیاتر لە ١ میلیۆن کەس کارەکانیان لە دەست بدەن.
ڕێژیمی ئێران بۆ کەمکردنەوەی بێکاری دەبێت ساڵانە بە لانیکەم بە ڕێژەی ٠\٨ هەلی کار دروست بکات و ڕێژەی خاوەن کارەکان بە ٩٥٠هەزار کەس لە ساڵێکدا بگەیێنێت، کە ئەمەش بە ڕەچاوکردنی دۆخی ئابووریی ڕێژیم و بە هەدەردانی سامانەکانی وڵات و لە پێناو پەرەدان و پشتیوانی کردن لە تیرۆر لە ناوچەکەدا بە کارێکی دژوار و ئەستەم دەبینرێت.