کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێکاری و هەڵاوسان سنەی تەنیوە

13:42 - 25 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بێکاری و هەڵاوسان لە پارێزگای سنە باڵی بەسەر بازاڕ و خەڵکدا کێشاوە و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران داوایان کردووە، دەوڵەت لەم پێوەندییەدا کارێک بکات.

"ئەحسەن عەلەوی" یەکێک لە مۆرەکانی ڕێژیمی ئێران لە مەجلیسدا وتوویەتی: نرخی بێکاری، هەڵاوسان، نەبوونی داهات، نەبوونی سەرانە و نەبوونی پێوەرەکانی گەشەسەندوویی لە پارێزگای سنە، دۆخی ئابووریی خەڵکی تووشی قەیران کردووە.

ئەو مۆرەیەی ڕێژیمی داوای کردووو دەوڵەتی تەدبیر و ئومید بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە هەوڵێک بدات.

عەلەوی مۆرەی دەسنیشانکراوی ڕێژیم لە مەجلیسدا وتویەتی: سەرەڕای ئەوەی کە پارێزگای سنه سەروەت و سامانێکی زۆری هەیە، بەڵام بەرزترین خاڵی هەڵاوسان لە ئاستی ئێراندا پارێزگای سنە هەیەتی.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران، باسی لە کێشەکانی ئەو پارێزگایە و سیستمی ئیداری کردووە، کە ڕێگرە لە پێشکەوتنی ئەو پارێزگایە.

نوێنەرانی دەسنیشانکراوی ڕێژیمی ئێران لە مەجلیسدا لە کاتی هەڵبژاردنەکان خۆیان باس لە چارەسەریی کێشە ئابوورییەکان بەتایبەت پرۆژە ئاوەدانکردنەوەکان دەکەن؛ بەڵام دواتر خۆیان ڕەخنه لە دەسەڵات دەگرن و داوا دەکەن کارێک بکات.

سەرەڕای بەرزبوونەوەی ئاماری بێکاران و پەیوەستبوونی ڕێژەی بەرچاو لە حەشیمەتی ئێران بە بێکارانی وڵات، بەرپرسان، دەسەڵاتداران و ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیمی ئێران سەبارەت بەو قەیرانە کۆمەڵایەتییە بێدەنگن.

گەمارۆوە ئابوورییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، داخرانی زۆربەی یەکە پیشەیییەکان و کۆتاییهێنان بە وەبەرهێنان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی قەیرانی ئابووری و نەمانی هەلی کار لە ئێران بە ئەژمار دێن.