کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێکاری، کاری ٢٠ میلیۆن لاو لە ئێرانه

12:22 - 7 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی فراکسیۆنی کاری مەجلیسی ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران ڕایگەیاندووە کە ٢٠ میلیۆن لاو لە ئێراندا بێکارن کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ هەتا ٢٩ ساڵه.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە زاری "محەممەدڕەزا بادامچی" سەرۆکی فراکسیۆنی مەجلیسی ڕێژیمەوە بڵاویان کردووەتەوە کە ٢٠ میلیۆن لاو لە ئێراندا بێکارن کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ هەتا ٢٩ ساڵه.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی کە ئێمە لەگەڵ جێگری کار و وەزارەتی تەعاون لە هەوڵداین تاکوو "مشاغل خانگی" بۆ بێکاران پێک بێنین.

ناوبراو ئاشکرای کردووە لە هەر ٦ کەس یەک کەس لە ئێراندا کاری هەیە. ٢٠ میلیۆن لاو لە ئێراندا بێکارن کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ هەتا ٢٩ ساڵه. ڕێژەی بێکاریی پیاوانی ١٥ هەتا ٢٩ ساڵ، ٢١ لەسەدە و ژنانیش ٤٠ لەسەدە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران جەختی کردووەتەوە کە دەبێ لە شارە سنوورییەکان هەلی کار زیاتر دابین بکەین و ڕێگە بدەین که خەڵک خۆیان کار بدۆزنەوە.

ساڵی ڕابردووش عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، لە کۆبوونەوەی هەیئەت ئۆمەنای زانکۆکانی زانستی پزیشکی ڕەخنەی لە دۆخی ئابووریی وڵات گرتبوو و ڕایگەیاندبوو: خراپی باری ئابووریمان ئەو کاتە زیاتر دەردەکەوێت کە چاو بە ئامارەکاندا دەخشێنین، بۆ وێنە لە بواری ئازادیی ئابووریدا ئێران لە نێوان ٢٢ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوایین پلەی هەیە و لە نێوان ١٨١ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٤٧ی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە؛ یان لە باری بارودۆخی گشتی ئابوورییەوە ئێران لە بواری گەشەی ناپاقژی نێوخۆیی لە نێو ٢٤ وڵاتی ناوچە وڵاتی ١٠یەمە و لە نێو ١٩١ وڵاتی جیهانیش پلەی ٨٤ی هەیە.

سەرەڕای بەرزبوونەوەی ئاماری بێکاران و پەیوەست‌بوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە حەشیمەتی ئێران بە بێکارانی وڵات، بەرپرسان، دەسەڵاتداران و ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیمی ئێران سەبارەت بەو قەیرانە کۆمەڵایەتییە بێدەنگن.

بە باوەڕی کارناسان گەمارۆ ئابوورییەکانی وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ سەر ئێران، داخرانی زۆربەی یەکە پیشەییەکان و کۆتایی هێنان بە وەبەرهێنان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروست بوونی قەیرانی ئابووری و نەمانی هەلی کار لە ئێران دێنە ئەژمار.