کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی سمینارێک لە زانکۆی "سۆران" بەڕێوە چوو

12:22 - 6 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی یەکشەمە ڕێکەوتی ٤ی بانەمەڕ سمینارێک بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی ١٢٤ـەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی لەلایەن بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەژێر ناوی "مێژووی ڕۆژنامەگەریی بینراو و بیستراو" لە زانکۆی "سۆران" بەڕێوە چوو.

‎لەو سمینارەدا "شێروان شەریف" سەرۆکی زانکۆ، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، ژمارەیەک لە مامۆستایان و خوێندکاران و میوانان بەشدار بوون.

‎لەو سمینارەدا سەرەتا "شێروان شەریف" سەرۆکی زانکۆی سۆران چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

‎سمینارەکە لە دوو پانێل پێکهاتبوو و هەر یەک لە مامۆستایان "ئەبووبکەر دێوانە ئەحمەد، ئەنوەر ڕەوشەن و فاتێح مستەفایی" قسەیان کرد.

‎لە پانێلی دووەمدا مامۆستایان "ڕێباز دلاوەر و پەیوەند محەممەد" بەشدار بوون.

بابەتەکانی پانێل بەم شێوەیە بوو:

‎مێژووی ڕۆژنامەگەریی بیستراو و بینراو

‎مامۆستا "ئەحمەد دێوانە حەمەد باڵەکی" باسی لە ڕۆژنامەگەریی کوردستان لە "میسر" کرد.

مامۆستا "ئەنوەر ڕەوشەن" خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات باسی لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی بینراو لەو بەشەی کوردستان کرد.

مامۆستا "فاتێح مستەفایی" خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات باسی لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی بیستراو لەو بەشەی کوردستان کرد.

مامۆستا "ڕێباز دلاوەر عومەر" باسی لە ڕۆژنامە وەک سەرچاوەیەکی گرینگ لە توێژینەوەی مێژووییدا کرد.

مامۆستا "پەیوەند محەممەد حەمەد باڵەکی " باسی لە پرسی ژن و ڕەنگدانەوەی لە ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ساڵە ۱۹۱۳_ ١٩٣٢ی زایینیدا کرد.

‎مامۆستا "ئەحمەد دێوانە حەمەد باڵەکی لە ڕۆژنامەگەریی کوردستان لە "میسر" بەپێی لێکۆڵێنەوەکانی خۆی باسی لەوە کرد کە "فەرجوڵڵا زەکی" کە خەڵکی "سەرشیو"ی مەریوان بووە بەرپرسی ئەو چاپخانەیە بووە کە لە "میسر"دا ڕۆژنامەی "کوردستانـ"ـی تێدا چاپ کراوە.

ناوبراو دێکیۆمێنتارێکی لەسەر بوونی کورد لە "میسر" کردووە کە لە سەردەمی "فێرعەونـ"ـەکان لەو وڵاتە بوونە و ژن و ژنخوازییان لە یەکتری کردووە.

مامۆستا "ئەنوەر ڕەوشەن" باسی لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی بینراو کرد. ناوبراو باسی لە ئاڵۆزیی چاپی ڕۆژنامەی کوردی لە هەر چوار بەشی کوردستان کرد. باسی لەوە کرد کە لە دوای "مەدحەت بەدرخان" لە شاری "خۆی" ڕۆژنامەی کوردی چاپ کراوە.

ناوبراو باسی لە سەردەمی "قاجاڕ و پەهەلەوی" کرد. لە سەردەمی پەهلەوی ١٢٥ ڕۆژنامە دەرچووە کە ١٢ دانەی کوردی بووە کە باس لە "ڕۆژاوای ئێران" کراوە و باس لە کوردی نەکراوە.

سەردەمی کۆماری کوردستان بە سەردەمێکی زێڕین لە ڕۆژنامەگەریی کوردی وەسف کرا.

باسی لە سەردەمی ڕێژیمی ئێران کرد کە ٤٧٠ گۆڤار و نامیلکە دەر کراون کە کوردی بوونە کە ئێستا زۆربەیان داخراون و ١٣٧ دانەیان خوێندکاری بوونە.

مامۆستا "فاتێح مستەفایی" باسی لە دامەزرانی ڕادیۆی کوردی کرد کە لە پارێزگای "سنه" کەسێک بە ناوی "عەبدولحەمید مەعرفە سنەیی" ئەو ڕادیۆیەی دامەزراندووە و دوای ساڵێک دەگوازرێتەوە بۆ تاران و دەبێتە یەکەم ئێزگەی کوردی لە تاران.

ناوبراو باسی لە "ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران" کرد کە لە دەرەوەی دەسەڵات کاری کردووە. سەرەتا بە شمشاڵی "قالەمەڕە" دەستی پێ کردووە و وتراوە ئێرە دەنگی کوردستانی ئێرانە، بەڵام ئەوانی دیکە وتوویانە ئێرە تاران، سنە و... یان دەنگی حکوومەتی پەهلەوی یان ئیسلامیی ئێرانە.

ناوبراو باسی لەوە کرد لە "تەورێز" بە هەمان شێوە کاری ڕۆژنامەگەری کراوە بەڵام زیاتر بە شێوەی خوێندنەوە بە زاراوەی "ئەردەڵانی و موکریانی" هەواڵی بڵاو کردووەتەوە.

‎ڕۆژنامەی "کوردستان" یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بوو، کە یەکەم ژمارەی ساڵی ١٨٩٨ی زایینی بە تێکۆشانی "مێقداد مەدحەت بەدرخان و جەلادەت بەدرخان" لە "قاھیرە" چاپ کرا.