کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ٢١ فێڤرییە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی

12:27 - 4 رەشەمه 2720

سندووس

زمانی زگماکی یانی زمانێک کە مناڵ بە بێ ئەوەیکە بەشێوەی ڕێسا بۆ داڕێژراو، فێری بووبێ؛ قسەی پێدەکات و بەخەستی لە دایک و باوک، مامۆستای قوتابخانە و ... فێری دەبێت و لە ڕاستیدا ئەوان لە گەشەی زمانیی مناڵدا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن. بە لای "نەڤام چامسکی"یەوە، ڕیشەی گەشەی زمانیی دەگەڕێتەوە بۆ گەشەی بەرەی مرۆڤایەتی و ئەو ڕاستییە لە سیستمی میشکیدا داڕێژراوە و ئەوە ژینگەی زمانییە کە دیاری دەکات، کامە زمان دەبێتە زمانی دایکی، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ چاوپشکووتنی مناڵ لە بنەماڵە، گەڕەگ و ئەو شوێنانەی زمان تێیدا کارا دەبێت. بە باوەڕی چامسکی زمان لە گشتییەتی خۆیدا شتێکی خۆماکە و ئالیرەدا بۆچوونی زمانی چامسکی بەلای دەروونناسیدا دەشکێتەوە.

"کریستوا"ش وەک دەروونشیکارێکی دوای فڕۆید - لاکانی بە مەبەستی پوویا کردنی زمان و دەرکێشانی لە چەقبەستوویی، باسی دوو جۆر زمان یان ئەمری دەلالەتیمان بۆ دێنێتە ئاراوە:

۱- دەلالەتی نیشانەیی
۲-دەلالەتی هێمایی.

دەلالەتی نیشانەیی کە بە زمانی دایکانەش ناسراوە، لە شوێنێکی ونی دوای لەدایکبووندا بێچم‌ دەگرێ کە مناڵ ئێستا نەهاتووەتە ناو دونیای زمانەوە و بە خاڵی "کورا" ناسراوە و وزەی لەش، مەیل، خواست، دەروون و سۆز، هەڵقووڵاوی ئەم خاڵەیە و تا دواچرکەکانی ژیان دەگەڵ مرۆڤدا دەمێنێتەوە.

زمانی هێمایی یان زمانی باوکانە، ئەو چوارچێوە و یاسا زمانی و دەلالەتییەیە کە هەڵقووڵاوی ئاوەزە و لە بەرەکانی ڕابردووڕا بۆمان ماوەتەوە و ئێستاش تێکەڵە بە زمانی قسەپێکردن و زانستی و مرۆڤ لە ڕێگەی زمانی هێماییەوە پێ دەنێتە ناو جیهانی دیاردە و ماناکانەوە.

بە باوەڕی کریستوا کۆمەڵگای نوڕماڵ و دێموکراتیک کاتێ بێچم‌دەگرێ کە هەر دوو بواری زمانیی واتە نیشانەیی و هێمایی تێدا کارا بێ و هاوتەریب بچنە پێش.

لە وڵاتانی دوو زمانەدا، زمانی دایکانە وەک خۆی لە دەروونی مرۆڤەکاندا دەمێنێتەوە و زۆر کەمیش ڕێگەی ڕەنگدانەوەی پێ دەدرێ، هەر بۆیە شاعیران ئاوا کارا دەردەکەون و زمانی باوکانە و هێمایش دادەپەڵۆسرێ و بە تەواوی دەستکاری دەکرێ و لە هێماگەلی جیا لە زمانی باوکانەی خۆی کەڵک وەردەگیرێ. ئەم کارە کە شێوەی داسەپانی هەیە، دەبێتە هۆی ئەوەیکە هەستی خۆ بەکەم بینی، شەرمێونی و ... لە ناو دەروونی مناڵدا چەقەرە بکات و تووشی بێ مەیلی سەبارەت بە خوێندن و کارتێکردنی نەرێنی لەسەر هۆش و زەینی مناڵەکان دەبێ.

کۆماری ئاخوندی لە ماوەی تەمەنی خۆیدا گەلێک نەهامەتی بۆ کۆمەڵگای ئێران بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی درووستکردووە، جگە لە بەشە جیاجیاکان کە داپڵۆسینی تێدایە، گەورەترین کارەسات، بێبەشکردنی مناڵانی باقی گەلانی ئێرانە هەم لە ئەمری نیشانەیی و هەم ئەمری هێماییدا. کریستوا پێماندەڵێ کاتێ باسی سڕینەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزی دەکەین، دەبێ هەر دوو بابەتی نیشانەیی و هێمایی بوونێکی ئازادیان هەبێ و هاوتەریب و شان بە شانی یەک بچنە پێشێ، دەنا هیچکات ناتوانین باسی لابردنی چەوسانەوە لە کۆمەڵگادا بکەین.

ئەگەر بۆچوونی کریستوا لەم بوارەدا درووست بێ - کە درووستە - ئەی لە سیستمێکدا کە هەر لە مناڵییەوە ناهێڵێ سۆز و خۆشەویستی زمانی دایکانە بەسەر مناڵدا بڕژێ چی؟ کە مناڵ پێی نا ناو ئەمری هێماییشەوە هەر دەبێ فێری هێماکانی زمانی بێگانە بێ کە پەوەش زوڵمێکی گەورەیە لە "بوون" بە مانا هایدگێرییەکەی.

بۆ دەرباز بوون لەم دۆخە زاڵمانەیە دەبێ، کارناسانی پەروەردە بە هاوکاریی دەروونناس و دەروونشیکاران بێن ڕاوەستەی لەسەر بکەن و بڕیاری کارناسانە، بەبێ دەستێوەردانە ئایدیۆلۆژییە دەمارگرژەکانی لەسەر بدەن.

زمانی تێکەڵ بە ئایدیۆلۆژی، نەک هەر گەشە ناکات بگرە لە بواری زمانییەوە هەر کە مناڵ سەرکوت کرا، هەستی تۆڵە لە وجودیدا سەرهەڵدەدات و ئەم بابەتە دەبێ وەک گەرەترین تاوان لە دژی مرۆڤایەتی چاوی لێ‌بکرێ. یانی لە جێگەی پەروەدەیەکی نۆڕماڵ، مناڵ تووشی تێکدانی بواری دەروونی دەبێت و ڕەنگە گەورەترین کێشەکانی لێ‌بکەوێتەوە.

با هەموومان هەوڵ بدەین، کۆمەڵگایەکی فرەچەشنی بە دوور لە داپڵۆسینمان هەبێ، ئەوەش نایەتە دی مەگەر لە ڕێگەی خەباتێکی هەمەلایەنەوە نەبێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.