کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندی حیزبی دێموکرات لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا

14:36 - 16 جۆزەردان 2726

شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەو کۆنگرەیەدا کرد کە لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوە چوو.

شاندی حیزب لەلایەن دوکتور کوێستان گادانی، ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات سەرپەرستی دەکرا. ناوبراو لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر پێگەی پرسی کورد و ڕایگەیاند، لە ناوچەیەکدا کە هێشتا حاشا لە مافەکانی کورد دەکرێت، دۆزی کورد چیتر بابەتێکی نێوخۆیی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە هاوکێشە گەورەکانی ناسنامە و هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

دوکتور گادانی بە چاوێکی خەسارناسانە کارکردی کەنەکەی هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند کە کۆنگرە نەیتوانیوە خۆی لەژێر سێبەری هێژموونیی حیزبیدا ڕزگار بکات. بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیاری کرد کە هێزە سیاسییەکان بەرژەوەندیی نەتەوەیی بخەنە پێش بەرژەوەندیی حیزبییەوە.

ناوبراو سێ گۆڕانکاریی بنەڕەتیی بۆ کاراکردنی کۆنگرە بە پێویست زانی؛ لەوانە کۆکردنەوەی حیزبەکان بۆ پێکهێنانی ئیرادەیەکی هاوبەش، دوورکەوتنەوەی کۆنگرە لە لایەنگریی سیاسیی دیاریکراو، و گۆڕینی گوتاری کەنەکە لە هەڵوێستی زارەکییەوە بەرەو زمانێکی ستراتێژی.

 ئەم وتارە واقیعبینانەی شاندی حیزب، لەلایەن نوێنەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان و کەسایەتییە ئامادەبووەکانەوە پێشوازییەکی زۆری لێ کرا.