شاندێکی هاوبەشی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتیی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری بێرلین لەگەڵ بەرپرسانی دامەزراوەی "فرێدریش ئێبێرت شتیفتونگ" (ژووری فکری حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان) کۆ بوونەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی جۆزەردان، شاندی حیزب بە بەشداریی مستەفا قازیزادە و نەرمین عوسمانی و شاندی یەکیەتیی لاوان بە بەشداریی کەماڵ مەحیەدینی و لەنیا ڕەسووڵی، لەم دیدارەدا کە بە هەوڵی یەکیەتیی لاوان ڕێکخرابوو، تیشکیان خستە سەر دۆخی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و قوربانیبوونی لاوانی کورد لەژێر سیاسەتی سەرکوتکارانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا. لەم پێوەندییەدا داوای بەردەوامیی هاوکاری و پشتیوانیکردن لە پرسی لاوانی کوردیان کرد.
دواتر شاندی حیزبی دێموکرات ئاماژەی بە سیاسەتی شەڕخوازانەی تاران کرد و ڕایانگەیاند کە لە قۆناغی دووهەمی شەڕی ناوچەییدا، زیاتر لە ٢٠٠ هێرشی مووشەکی و دڕۆنی کراوەتە سەر بنکەکانی حیزب و کەمپی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان کە شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک کەسی لێکەوتووەتەوە.
لە کۆتاییدا، شاندی هاوبەش داوایان کرد کە وڵاتی ئاڵمان لە ئاست ئەم تاوانانەی کۆماری ئیسلامیدا بێهەڵوێست نەبێت.