کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان پێشانگایەکی تایبەت بە شەهیدانی کوردستان کرایەوە

17:45 - 27 سەرماوەز 2720

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ۲٦ی سەرماوەزی ۱۳۹۹ی هەتاوی لە ڕێوڕەسمێکدا بە بەشداری ئەندامانی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان پێشانگا و گەلەرییەکی تایبەت بە وێنە و بەڵگەکانی تایبەت بە شەهیدانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی بەشی شەهیدان کرایەوە.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا "فواد خاکی بەیگی" بەرپرسی نووسینگەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان باسی لەوە کرد: "دەستەی کارگێڕی لە ماوەی ڕابردوودا بڕیاری داوە گەلەرییەکی تایبەت بە پاراستنی بەڵگەکانی تایبەت بە شەهیدان بکرێتەوە و لە ماوەی ڕابردوودا بە هەوڵ و تێکۆشانی بەشی شەهیدانی کۆمسیۆنی کۆمەڵایەتی و هاوکاریی ئۆرگانە پێوەندیدارەکان ئەم پڕۆژە گرینگە بە ئەنجام گەیشت".

لە بەشی دواتردا و پێش لە کرانەوەی پێشانگاکە، "محەممەدنەزیف قادری"، جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات چەند وتەیەکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و باسی لە گرینگیی ئەم کارە و گرینگیی ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان لە بۆنە جیاوازەکاندا کرد.

لە بڕگەی دواتردا، پێشانگاکە لەلایەن "محەممەدنەزیف قادری"، "سەیفوڵڵا خەیری" برای دوو شەهیدی کوردستان و هەروەها خاتوو "هیوا ئەحمەدی پوور" کچی شەهیدێکی کوردستان کرایەوە.

هەروەها "سەلیم باپیری"، بەرپرسی بەشی شەهیدان بەنیسبەت کردنەوەی ئەم پێشانگایە لە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزدا باسی لەوە کرد: "پڕۆژەکە لە سەر نوێکردنەوەی پێشانگای وێنەی شەهیدان بوو، کە لە مانگی سەرماوەزدا کارەکانی بە کۆتایی گەیشتوون هەر بۆیە بڕیار درا کە لەم ڕۆژە پیرۆزەدا بکرێتەوە تاکوو ببێتە دەرفەتێک بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی وەفادارای بەرانبەر بە شەهیدانی کوردستان".

لەم ڕێوڕەسمەدا، چەندین کەس لە بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان بەشداربوون کە ئێستا خۆیان چەکی پارێزگاری لە نیشتمانیان لە شان کردووە و درێژەدەری ڕێبازی شەهیدانن.

کرانەوەی پێشانگاکە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، ئەم پێشانگایە جیا لە وێنەی شەهیدان، بەشێکی تایبەت بە بەڵگە و کەرەستە تایبەتەکانی شەهیدانی کوردستانی هەیە کە بە چەشنی مۆزەخانەیەک کەوتووەتە بەر دیدی خەڵکەوە و دەرکەشی بە ڕووی بنەماڵەی شەهیدان، لێکۆڵەران و هەموو ئەو کەسانەی کە تامەزرۆی بینین و سەردانی ئەم شوێنەن؛ کراوەیە.