ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ساڵوەگەڕی شەهیدانی ڤییەن لە بنکەی سەرەکیی حیزب لە کەمپی ئازادی ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.
ئەو ڕێوڕەسمە بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگە و بنەماڵەکان بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر پەیامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن "ڕووناک فەتحی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە پێشکەش کرا.
پاشان سروودێک بە ناوی "قاسملوو دەنگت بەهێزە" لەلایەن پێشمەرگە و هونەرمەند "غوڵام فاتحی" پێشکەش بە بەشداربووان کرا.
"لە یادت دەنووسم بەرزە یاد، لە ناوت دەگەڕێم بەرزە مرۆڤ" ناوی شێعرێک بوو کە لەلایەن "گوڵباخ بەهرامیـ"ـیەوە پێشکەش کرا.
دواتر پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لەلایەن "پێژمان شەریعەتی" سکرتێری یەکیەتیی لاوانەوە خوێندرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا سروودێک لەژێر ناوی "قاسملووی شەهید" لەلایەن "غوڵام فاتحی" و پەخشانێک بەنێوی "قاسملوو بەهارە و ڕەگی بە کانی هەرمانیدا ڕۆ چووە" لەلایەن پێشمەرگە "سمکۆ دەستمەردیـ"ـیەوە پێشکەش کرا.
لە کۆتاییدا سروودی "ئەی مامۆستای مەزن و زانا" لەلایەن منداڵانی ناوەندی نێرگزەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.