"بەختیار پەنجەیی" خەڵکی شاری "مەهاباد" و ئەکتەری کورتەفیلمی "تەلفیق" بۆ خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی سێزدەهەمین فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمە سەربەخۆکان و موزیکی "وێرجینیای" ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکای بەربژێر کراوە.
کورتە فیلمی "تەلفیق" کە بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییە، بە دەرهێنەری "محەممەد توریوریان" لە شاری "سنە" بەرهەم هاتووە.
"توریوریان" دەرهێنەری ئەو فیلمەش لە بەشی دەرهێنەرانی ئەو فێستیڤاڵەدا کە لە ١٠ تا ٢١ی ڕەشەمە بە دروشمی "پشتیوانی لە دەرهێنەرانی نوێ" بەڕێوە دەچێت، بەربژێر کراوە بۆ وەرگرتنی خەڵات.
"بەختیار پەنجەیی" دەرهێنەر، ئەکتەر و شانۆنامەنووس ساڵی ١٣٦٥ لە شاری "مەهاباد" لەدایک بووە. "پەنجەیی" بڕوانامەی کارناسیی باڵای ئەدەبیاتی شانۆیی لە زانینگەی هونەرە جوانەکانی زانکۆی "تاران" وەرگرتووە.
ناوبراو پێشتریش خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "هۆنکۆنگـ"ـی وڵاتی "چینـ"ـی بۆ هەمان فیلم وەرگرت کە ئەو خەڵاتە وەکوو پێشهاتێکی هونەری بڕواپێکراو بۆ دەرهێنەرانی ئاسیایی لە ڕاستای ناساندنی بەرهەمەکانیان دەناسرێت.
"پەنجەیی" هەتا ئێستا لە لە ٣٥ کورتە فیلم و ٢ زنجیرەی تێلێڤێیزیۆنیدا کاری ئەکتەری کردووە و لە بواریی سینەما و شانۆدا زیاتر لە ٤٠ وتار و نووسراوەی هەیە.