![](/content/upload/1/news/50515_w920.jpg)
دۆخی ئابووریی ئێران بەردەوام ڕووی لە خراپتر دەبێت و توانای خەڵكیش بۆ دابینكردنی پێداویستییەكان دادەبەزێت، ئەمە وای كردووە منداڵانێکی زۆرتر تووشی بەدخۆراكی بن.
"زەهرا عەبدوڵڵاهی" بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی باشترکردنی خۆراک لە ئێران وتوویەتی، خۆراکی سەر سفرەی هاووڵاتییان خراپتر بووە و بەدخۆراكی لای پارێزگا هەژارەکان زیاتر پەرەی ئەستاندووە.
ئەو بەرپرسەی تەندروستیی ئێران ئاماژەی بە منداڵانی تەمەن خوار پێنج ساڵ داوە كە بە گوێرەی پێوەرەکان كێشیان گەشەی نەكردووە و ڕێژەکەشیان بۆ دوو هێندە زیادی كردووە.
بەپێی ئامارەکان ١٢ لەسەدی منداڵانی خوار پێنج ساڵ لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و ٨ لەسەدی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ لە پارێزگای خوراسان تووشی كێشەی بەدخۆراكی بوونه.
زیاتر له یەک دەیەیە گەشەی ئابووریی ئێران لە پاشەكشەدایە و بەهای دراوی ئێران ڕووی لە دابەزینە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و بێكاری و هەژاری.
"عەبدوڵڵاهی" پێشنیاری داوە، لە قوتابخانەكان دووبارە شیر بەسەر منداڵاندا دابەش بكرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لەم بەدخۆراكییە بكرێت.