کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەدواداچوونی بکەرانی کردەوە تیرۆریستییەکانی پاریس درێژەی هەیە

20:59 - 25 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: لەو سێ برایەی کە لە کردەوە تیرۆریستییەکانی پاریس دەستیان هەبووە، یەکێکیان کوژراوە، یەکێکیان لە بلژیک دەستبەسەر کراوە و یەکێکیشیان شوێنی نادیارە و پۆلیس وێنەکانیانی بڵاو کردووەتەوە.

بە وتەی بەرپرسانی ئەمنیەتیی فەڕانسە، یەکێک لە تیرۆریستەکان کە فەڕانسەوییە شوێن‏بزرە و پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت. ئەو یەکێک لەو سێ برایەیە کە بەپێی ڕاگەیەندراوی دادستانی فەڕانسە، لە کردەوە تیرۆریستییەکانی پاریسدا دەستیان هەبووە.

ئەو کەسە کە شوناسەکەی عبدولسەلام سەلاح ڕاگەیەندراوە، ئۆتۆمبیلێکی ڕەشی جۆری فوڵکس واگۆن پۆلۆی بە کرێ گرتبوو کە بە مەبەستی گواستنەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی هۆڵی کۆنسێرت کەڵکی لێ‏وەرگیرابوو.

لەو سێ برایە یەکێکیان لە نێو هۆڵی کۆنسێرتەکەدا گیانی لەدەست دا، یەکێکیان لە بلژیک دەستبەسەر و سێهەمیشیان لەئێستادا شوێنی نادیارە.

پۆلیسی فەڕانسە وێنەی ئەو کەسانەی کە گومانیان لەسەرە لە کردەوە تیرۆریستیەکانی پاریسدا بەشدار بووبن، بڵاو کردووەتەوە و هوشداری داوە بە هاووڵاتیانی خۆی.

بەرپرسانی وڵاتی بلژیک هەواڵی دەستبەسەر کردنی ٧ کەسیان لە پەیوەندی لەگەڵ ڕووداوە تیرۆریستیەکانی پاریسدا بڵاو کردووەتەوە. فڕانسوا شیان، بەرپرسی شارەوانیی ناوچەی مۆلێن بەگی برۆکسێل ڕایگەیاند کە پۆلیسی ئەو وڵاتە ڕۆژی شەممە ١٤ی نۆڤامبر، دەستی داوەتە زنجیرە پشکنینێکی ماڵ‏بەماڵ.
ئەندام پەرلمانێکی فەڕانسەش بە کەناڵی خەبەریی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە ناوی یەکێک لەو کەسانەی لە بەرانبەر هۆڵی کۆنسێرتی باتکاڵاندا خۆی تەقاندووەتەوە ئیسماعیل عومەر مستەفا بووە کە هەتا ساڵی ٢٠١٢ لە شاری شارتێر کە لە باشووری پاریس هەڵکەوتووە، ژیاوە.

هێرشە تیرۆریستیەکانی پاریس ١٣٢ کوژراو و ٣٥٠ برینداری لێکەوتەوە کە باری جەستەیی نزیکەی ٩٦ کەس لە بریندارەکانیش نالەبار ڕاگەیەندراوە. هێشتا شوناسی بەشێک لە قوربانییەکانی ئەو ڕووداوە تیرۆریستییە ئاشکرا نەبووە، بەڵام بەشێوەیەکی نێونجی تەمەنی هەموو قوربانییەکان لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵدایە.

مانۆئێل واڵس، سەرۆک وەزیرانی فەرانسە دوابەدوای ئەو هێرشانە بە کەناڵی یەکی فەڕانسەی گوت کە وڵاتەکەی لەحاڵی شەڕ لەگەڵ گرووپی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامیدایە. فڕوانسوا ئۆلاند سەرۆک کۆماری فەڕانسەش ئەو هێرشانەی بە ڕاگەیاندنی شەڕ لەگەڵ فەڕانسە لەقەڵەم دا و داوای کردووە هەتا سێ مانگی دیکە ڕەچاو کردنی دۆخی نائاسایی لەوڵاتدا درێژ بکرێتەوە.