کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەدەستەوەگرتنی پرۆژە ئابوورییەکان لەلایەن سپای پاسدران درێژەی هەیە

11:41 - 9 رێبەندان 2721

وەزیری کشتوکاڵی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە کە کابینەی ''ڕەئیسی'' لەگەڵ قەرارگای "خاتەمولئەنبیا"ی سپای پاسدران بۆ بەرهەمهێنانی برینج گرێبەستی واژۆ کردووە و بۆ ماوەی ٥ ساڵ ٣ میلیارد دۆلار بۆ ئەو کارە تەرخان کراوە.

"جەواد ساداتی نژاد" وتوویەتی لە ئێستادا ٧٠٠ میلیارد تمەن بۆ ئەو پرۆژەیە تەرخان کراوە و بڕیارە بە هاوکاریی سپای پاسداران لە بەرهەمهێنانی برینج سەربەخۆ بین و چیدیکە پێویستیمان بە هاوردەکردنی یەک ملیۆن تۆن برینج لە ساڵدا نەبێت.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ماوەی ١٥ ساڵە گەڵاڵە دادەنێن کە لە بەرهەمهێنانی برینجدا خۆبژیو بن کە هیچ کات بە ئاکام نەگەیشتوونە.

لەلایەکی بەدەستەوەگرتنی پرۆژە گەورەکان و دەستێوەردان لە هەموو جومگەکانی ئابووریی لەلایەن سپای پاسدران هەروا درێژەی هەیە.

لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوو لە دەوڵەتی "ئیبراهیم ڕەئیسیـ"ـدا گرێبەستەکان لەگەڵ سپای پاسداران زیاتر پەرەی گرتووە.

مانگی بەفرانباری ئەمساڵ ''عەلی ئەکبەر مێحرابیان'' وەزیری وزەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کرد کە گرێبەستێکی ٣٠ هەزار میلیارد تمەنی لەگەڵ سپای پاسداران بۆ پرۆژەی ڕاگواستنی ئاو بۆ گوندەکان واژۆ کردووە.

سەرەڕای ئەم پرۆژە نوێیانە، دەوڵەتی ڕەئیسی هەوڵی داوە بودجەی سپای پاسداران بەرز بکرێتەوە. بەپێی ئەوەیکە لە ڕەشنووسی بودجەی ١٤٠١دا هاتووە بودجەی سپای پاسدران ٢.٥ بەرابەر بەرز بووەتەوە.