کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرجام یاسایی نییه

18:00 - 10 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: "برایان هووک" یەکێک لە بەرپرسانی ئامریکا باسی لەوە کردووە، کە ڕێککەوتنی بەرجام هیچ پێگەیەکی یاسایی نەبوو و دەبێ ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران واژۆ بکەین.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، "برایان هووک"، ڕاوێژکاری سیاسیی باڵای وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە وتووێژێکدا، لە بارەی بەرنامەی دەوڵەتی ئامریکا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ئێمە بە فەرمی پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازیی نێوخۆی ئێران دەکەین.

ناوبراو وتوویەتی: ئێمە لە بەرجام هاتینە دەرەوە و ١٢ مەرجمان بۆ ڕێژیمی ئێران دیاری کردووە و ئەو ڕێژیمە دەبێ ئەو مەرجانه قەبووڵ بکات. هەروەها بەرجام هیچ کاریگەرییەکی باشی لەسەر دۆخی ژیانی خەڵکی  ئێران دانەنا، خۆپیشاندانەکانی زستان دەرخەری ئەو ڕاستییەن.

هووک لە بەشێکی قسەکانیدا وتوویەتی: ئێمه دەمانەوێ پێوەندییەکی زۆر جیاواز لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دابمەزرێنین و ئێران گرینگترین بەشی کار و بەرنامەی ئێمەیە.

ئەو بەرپرسە ئامریکایییە هۆشداری بە شیرکەتە ئوورپایییەکان داوە، کە لە ئێراندا سەرمایەگوزاری نەکەن، چونکە ئاگادار نین کە بە بازرگانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکەن.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕای گەیاندبوو، کە مەبەستی سەرەکیی هەڵوێست و ستراتیژیی نوێی ئێمە بە نیسبەت ڕێژیمی ئێرانەوە، گۆڕینی ڕێژیم نییە، بەڵکوو تەنیا مەبەست پێداچوونەوەی بەرپرسانی ڕێژیم بەسەر هەڵسوکەوتەکانیانە.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، سیاسەتی نوێی ئامریکای بە نیسبەت ئێران ڕاگەیاند و ١٢ داواکاری خستە بەردەم ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران و وتی: "ئەگەر بەرپرسانی ڕێژیم لە هەڵسوکەوتەکانی خۆیان ئاڵوگۆڕ پێک نەهێنن، بەهێزترین و توندترین گەمارۆوەکان دەخەینە سەریان".

ئەو بەرپرسە پایەبەرزەی ئامریکا وتوویەتی: ئەو شتانەی کە ڕێژیمی ئێران دەبێ جێبەجێی بکات دژوار نین و ساکارن و زۆربەی وڵاتانیش هەر ئەو کارانە دەکەن، ئێمە وتوومانە کە پشتیوانی لە تێرۆریزم مەکەن ئەوە شتێکی خەیاڵی نییه''.

ئەم قسە و لێدوانانەی پۆمپێئۆ لە حاڵێکدایە، کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە یەکەم کاردانەوەی لە هەمبەر سیاسەتی نوێی ئامریکا، باسی لەوە کردبوو، کە ئامریکا بەتەمایە بە هێرشی سەربازیی ڕێژیمی تاران بڕووخێنێت.