کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان لە ئێران و کوردستان

17:48 - 10 رێبەندان 2721

مانگرتن و ناڕەزایەتیی چەند ڕۆژەی مامۆستایان لە سەرتاسەری ئێران و کوردستان، کە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندان دەستی پێ کرد هەروا بەردەوامە، مامۆستایان لە دەیان شار لە ناڕەزایەتی بە وەدینەهاتنی داواکارییەکانی لە وانەوتنەوە خۆیان بواردووە.

مانگرتنی ڕۆژی شەممە لە دوای بانگەوازی شواری هاوئاهەنگیی یەکیەتیی مامۆستایان بەڕێوە چوو و ئەمڕۆش یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندان، هەروا درێژەی هەیە.

لەو مانگرتنە سەرتاسەرییە مامۆستایان لە دەیان شار و گوندی ئێران بە شێوەی حوزووری و ئانلاین دەستیان لەکار کێشاوەتەوە و لە بەڕێوەچوونی وانەکان خۆیان بواردووە.

بەپێی بانگەوازی شورای هاوئاهەنگیی یەکیەتیی مامۆستایان، بڕیارە مامۆستایان ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندان لە شارەکانی ئێران و کوردستان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە بەرن.

ناڕەزایەتیی مامۆستایان یەکێک لە بەردەوامترین ناڕەزایەتی سێنفییەکان لە مێژووی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بووە و بەتایبەت لە چەند مانگی ڕابردوو بە چڕی درێژەی هەبووە.

مامۆستایان لە بەیاننامەیەکدا ئەو مانگرتن و ناڕەزایەتییانەیان بۆ گوێنەدانی دەسەڵات بە داواکارییەکانیان گەڕاندووەتەوە و وتوویانە: ''مامۆستای ئەمڕۆ نە ژیانێکی گونجاوی هەیە و نە کەرامەرتیان هەیە".

گرینگترین داواکاریی مامۆستایانی لەسەر کار و خانەنشین بەڕێوەچوونی تەواوی گەڵاڵەی پلەبەندی و وێکچوونی مووچەکان لەخۆ دەگرێت.