کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی مانۆڕەکانی ڕێژیمی ئێران

15:51 - 26 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: بۆ چەندەمین جار ڕێژیمی ئێران لە ماوەیەکی کورت‌دا مانۆڕی نیزامیی لەژێر ناوی جۆراوجۆردا بەڕێوە دەبات.

هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردەوە کە هێزی زەمینیی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ئێراندا مانۆڕێک بە ئامانجی بردنەسەرەوەی ئامادگیی نیزامی بۆ شەڕی بریکارانە بەڕێوە دەبات وفەرماندەیەکی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە گوتی کە ئێمە سنوورەکان دژ بە هێرشی داعش قایمتر دەکەین.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندووە کە ئێران هەڕەشەی گرووپە توندڕەوەکانی لەسەرە و لەو پێوەندییەدا ئێمە سنوورەکان و ڕەوشی نێوخۆی ئێران بە توندی دەخەینە ژێر کۆنتڕۆڵەوە.

گرووپی ئیسلامیی داعش دوای کردەوەی تیرۆریستی لە فەڕانسە و وەئەستۆ گرتنی ئەو هێرشە، هەڕەشەی لە وڵاتانی ئێران و ڕووسیە کرد کە کردەوەی تیرۆریستی لەو وڵاتانە ئەنجام دەدات.

لەو پێوەندییەدا، فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای سنە ماوەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە بەستن و قایم‌کردنی سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئێران، تەناهیی زیاتر بۆ خەڵک دەستەبەر دەکات و پێش لە ئەگەری هێرشی داعش بۆ سەر ئێران دەگرێت.

ڕۆژی ڕابردووش، ئیبراهیم جەعفەری وەزیری کاروباری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند کە ئەگەری هێرشی داعش بۆ سەر ئێران زۆرە و ئامانجی ئەو گرووپە تیرۆریستییە دوای ڕۆژئاوا، ئێرانە.

مەحموود عەلەوی وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، دوای ئەو لێدوانەی جەعفەری ڕایگەیاند کە مەترسیی هێرشی داعش بۆ سەر ئێران جیددیە و ئێمە دەبێ ئامادەی شەڕ بین.

فەرماندە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام لە لێدوانەکانیاندا ڕادەگەیەنن کە هێڵی سووری ئێمە لە سنوورەکانی ئێران دژ بە داعش و هەر هێرشێکی دیکە لە مەودای ٤٠ کیلۆمیتری‌دا کێشراوە و هەر لایەن یا هێزێک بیهەوێ هێرش بکاتە سەر ئێران لەو هێڵە کێشراوەدا وەڵامی دەدەینەوە.