کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی سەد لە سەدیی ڕێژەی ئێعدام لە ئێران دوای هاتنە سەر کاری ڕەئیسی

17:58 - 8 بانەمەڕ 2722

دوو ڕێکخراوی مافی مرۆیی ئێرانی و فەرانسەوی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی بانەمەڕ لە ڕاپۆرتێکدا باسیان لەوە کردووە کە دوای هاتنە سەر کاری ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' وەک سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران ڕێژەی حوکمی ئێعدام لە ئێران سەد لە سەد بەرز بووەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران و ڕێکخراوی فەرانسەویی پێکەوە دژی سزای ئێعدام لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیاندا بەرزبوونەوەی سەد لە سەدیی ڕێژەی حوکمی ئێعدامیان ڕاگەیاندووە.

لە ١٤هەمین ڕاپۆرتی ساڵانە لە پێوەندی لەگەڵ سزای ئێعدام لە ئێران، بە دەربڕینی نیگەرانیی توند لە بەرزبوونەوەی حوکمی ئێعدام یەک لەوان بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئێعدامەکانی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر ئاماژەی پێ کراوە.

دوای هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ئێران کە ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی بەڕێوە چوو، ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' سەرۆکی پێشووی دەزگای دادی ڕێژیمی ئێران، وەکوو سەرکۆماریی ڕێژیمی ئێران دەستنیشان کرا.

ڕاپۆرتی ١٢٠ لاپەڕەیی ئەم دوو ڕێکخراوە مافی مرۆییە باس لە ئێعدامی ٣٣٣ کەس لە ساڵی ٢٠٢١ و بەرزبوونەوەی ٢٥ لەسەدی بەنیسبەت ساڵی پێشووتر دەکات، ئەمە پیشان دەدات کە ئاماری ئێعدامەکان دوای هاتنە سەر کاری سەرکۆماری نوێ لە ئێران لە نیوەی ئەوەڵی ساڵ سەد لە سەد بەرز بووەتەوە.

ئەو ئامارە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٢٦٧ کەس و لە ساڵی ٢٠١٩دا ٢٨٠ کەس بوو.

لە ڕاپۆرتی ئەو دوو ڕێکخراوە مافی مرۆییە هاتووە کە ئێعدامی کەسانی سەر بە نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە ساڵی ٢٠٢١ بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە کە نەتەوەکانی کورد و بەلووچ زۆترین ڕێژەی ئێعدامیان هەبووە.