کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی نرخی کرێ خانوو تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە

11:46 - 16 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ خراپتربوونی دۆخی ئابووری و گرانبوونی لەڕادەبەدەری نرخی پێداویستییەکانی بیناسازی و هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان، نەبوونی چاوەدێری بەسەر نرخی کرێ خانووەکاندا، دۆخی کرێنشینانی بەرەو خراپتربوون بردووە.

گرانبوونی نرخی کرێ خانووەکان، ژیانی خەڵکی تووشی کێشە کردووە، بە چەشنێک کە زۆربەی خەڵک لە بەر نەبوونی توانایی بۆ دابینکردنی خانوو بە نرخی زۆر و لە شوێنی گونجاودا ناچارن ڕوو لە گەڕەکە پەراوێزنشینەکانی نێو شارەکان بکەن.

بە وتەی هاووڵاتییەک کە خۆی خاوەنی بۆنگای خانوبەرەیە، هۆکاری سەرەکیی گرانیی کرێ خانووەکان و نرخی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە ، بەرزبوونەوەی هاوتەریبی نرخی ئەرز و دۆلار و هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکانی بیناسازییە، ئەم هاووڵاتییە هەروەها ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران کردووە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، "وریا ئەحسەن"، بەرپرسی ڕێکخراوی ڕاویژکارانی خانوبەرە، هەبوونی ماڵپەڕ و ئەپی کڕین و فرۆشتنی "دیوار"ی بە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان ناو بردووە، کە ئاڵۆزییەکی زۆری لەم بوارەدا بە دوای خۆیدا هێناوە.

بە وتەی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، یەک بینا بە سێ نرخی جیاواز لە ماڵپەڕی دیواردا دادەنرێت، لە حاڵێکدا کە کەسانی دووهەم و سێهەم لە ڕاستیدا بوونیان نییە و تەنیا بۆ بازاڕ گەرمی و فرۆشتنی بیناکە بە نرخێکی زۆر ئەم کارە دەکرێت، ئەمە لە حاڵێکدایە کە هیچ ناوەندێکی ڕێژیمیش چاوەدێری بە سەر ئەو ماڵپەڕانەدا ناکات.

"خوسرۆ وەیسی"، جێگری ئیدارەی ڕێگاوبانی پارێزگای سنەش، هۆکاری گرانیی خانوبەرەی بۆ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان گەڕاندووەتەوە و باسی لەوە کردووە کە سەرەتا دەوڵەت دەبێ خانوو بۆ چینی هەژار دابین بکات و دواتریش چاوەدێری بە سەر نرخەکاندا بکات.

دانپێدانانی بەرپرسانی ڕێژیم بە گرانیی نرخی خانوبەرە و کێشەی خەڵک لەم بوارەدا، سەلمێنەری کەمتەرخەمی و ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیمە کە هیچ چاوەدێرییەک بە سەر دۆخەکەدا ناکەن و بە کردەوە هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەم کێشەیە هەڵناگرن.