کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرنامەی ژووری شەڕی ئابووریی ئامریکا لە لایەن بەرپرسێکی خەزێنەدارییەوە شرۆڤە کرا

13:15 - 22 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی نووسینگەی تێرۆریزم و زانیارییە ماڵییەکانی خەزێنەداری ئامریکا، کە بە "ژووری شەڕی بێدەنگـ"ـی ئامریکا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ناسێندراوە، بەرنامەی کاری نووسینگەکەی شرۆڤە کرد.

ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی ڕەشەمە، "سیگاڵ مندلکر"، بەرپرسی نووسینگەی تێرۆریزم و زانیاری ماڵیی خەزێنەداریی ئامریکا کە بە "ژووری شەڕی بێدەنگـ"ـی ئامریکا، بۆ شەڕ لەگەڵ ئێران ناسێندراوە، بەرنامەی کاری نووسینگەکەی شرۆڤە کرد.

ڕاسپاردەی ئەم نووسینگە، "بەڕێوەبردنی ستراتیژیی دەوڵەتی ئامریکا بۆ دژایەتیی لەگەڵ دابینکردنی بەشی ماڵیی تێرۆریزم لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدایە و داڕشتن و بەڕێوەبردنی ستراتیژییە نیشتمانییەکان لە پێوەندی لەگەڵ شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی تۆڕەکانی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی داراییی تێرۆریزمە".

لێکۆڵینەوەکان نیشانی داوە، یەکێک لە گرینگترین ئامانج و تەوەرەکانی چالاکیی "نووسینگەی تێرۆریزم و زانیاری ماڵی" بەرەوپێشبردنی شەڕی ئابووریی دژی ڕێژیمی ئێران و پەکخستنی گرووپەکانی سەر بەو ڕێژیمەیە".

"نووسینگەی تێرۆریزم و زانیاری ماڵیی ئامریکا"، ساڵی ٢٠٠٤ی زایینی، لە نێو وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکادا دامەزراوە و ناوەندی داڕشتنی شەڕی ئابووریی ئامریکا لەگەڵ وڵاتانی ناهاوتەریب لەگەڵ سیاسەتە گەورە و گشتگیرەکانی ئامریکایە.