کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرنوێژی هەینی تاران: کتێب سالم نەبێ خوێنەر ژاراوی دەبێ و دەمرێت!

21:42 - 15 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەرنوێژی هەینی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، کە کتێبە بەلاڕێبەرەکان حەرامن و دەبێت لەنێو بچن.

موەحێدی کرمانی، بەرنوێژی هەینی ڕێژیم، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٤ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی پیشانگای کتێبی تاران، لە نوێژی هەینی باسی لەوە کردووە، کە "کتێب وەکوو خواردنە و ئەگەر سالم نەبێت، خوێنەر ژاراوی دەبێت و دەمرێت" هەروەها وتوویەتی: ئەگەر کتێب چەواشەکار بێت، لاوان لە بواری بیر و هزردا دەمرن.

کرمانی لە نوێژی هەینی ڕوو لە بەرپرسانی وزارەتی ئیرشاد وتوویە: " ئەو هەموو کتێبەتان لە پیشانگا داناوە، ئایا هەموویان پێداچوونەوە کراون؟ ئەگەر کەسێک کتێبێکی بەلاڕێبەر بکڕێت و بیباتەوە ماڵ و لە ئاکامدا بەلاڕێدا بچێت، ئێوەیش تاوانبارن".

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەتایبەت مەلا ئایینییەکان زۆربەیان لەگەڵ کتێب و کتێب خوێندن کێشەیان هەیە و کۆمەڵگایەکی نەخوێندەوار و دواکەوتوویان دەوێت و بە باوەڕی ئەوان تەنیا کتێبە دینییەکان بۆ خوێندن دەبن.

٣١کەمین پیشانگای کتێبی تاران، لە حاڵی بەڕێوەچوونە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە نووسەرانی ئێران، کە کتێبەکانیان لەو پیشانگایەیە، چەندین فیلتر دەرباز دەکەن، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە بۆ وەرگرتنی ئیزنی چاپ لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو دەبن و تەنانەت تا ئەو ڕۆژەی کە ئیزنی چاپ وەردەگرێت، چەندین جار سانسۆر دەکرێن.

ئەو دەزگا چاپەمەنییانەش کە لە پیشانگا بەشداری دەکەن ڕێگایان پێ نادرێت کە هێندێک لە کتێبەکان لەو پیشانگایەدا پپیشان بدەن و بە پیشاندان و فرۆشتنی ئەو کتێبانە سزای نەختی دەکرێن و تەنانەت زۆر دەزگای چاپەمەنی بوونە کە داخراون و مۆڵەتی کاریان لێ وەرگیراوە.

هەروەها ئەو دەزگا چاپەمەنییانەی کە لە دەرەوەی ئێران بانگهێشت دەکرێن، لە لایەن وەزارەتی ئیرشادەوە هەڵدەبژێردرن و ناتوانن ئەو کتێبانەی کە لە ئێراندا قەدەغەیە، لەو پیشانگا بیخەنە بەرچاو، لە لایەکی دیکەشەوە زۆربەی ژوورەکان بە بەشە ئایینییەکان دەدرێت.