کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمی ئاژەڵیی ئاژەڵداران زۆر کەمی کردووە

11:46 - 31 جۆزەردان 2722

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "شەرقـ"ـی سەر بە ڕێژیم لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی جۆزەردان، ڕێژیم نرخی خۆراکی ئاژەڵی شەش بەرابەر زیاد کردووە.

ئاژەڵداران لەو پەیوەندییەدا وتوویانە کە ئەگەر تا پێش لە ئێستا هەر ئاژەڵدارێک پێویستی بە دوو میلیارد تمەن هەبوو بۆ ئەوەی خۆراکی پێویست بۆ ئاژەڵەکانیان دابین بکەن، لە ئێستادا پێویستیان بە دوازدە میلیارد تمەن هەیە و دابینکردنی ئەو بڕە پارەیە لە ماوەیەکی کورتدا بۆ ئاژەڵداران ئیمکانی نییە.

لە ئێستادا خۆراک بۆ ئاژەڵەکان لە سەرتاسەری ئێراندا کەمە و بە وتەی "مەنسوور پووریان" سەرۆکی شورای دابینکردنی ئاژەڵ لە ئێراندا، زۆرێک لە ئاژەڵەکان لەڕ و لاواز بوونە و کێشی خۆیان لەدەست داوە.

ئاژەڵە لەڕ و لاوازەکان لە وڵاتانی عەرەبی کڕیاری باشیان هەیە، هەر بۆیە ئەو ئاژەڵانە زۆربەیان ڕەوانەی ئەو وڵاتانە دەکرێت.

لە ئێراندا مایەپووچبوونی ئاژەڵداران بووەتە هۆی ئەوەی کە ئاژەڵێکی زۆر بخرێتە بازاڕەکانەوە و گرانی و کەمبوونەوەی توانایی کڕینی خەڵک، خواستی کڕینی گۆشتی هێناوەتە خوارەوە.

ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە بەرهەمی ئاژەڵداران کەم ببێتەوە و زۆربەی ئاژەڵداران لە کارەکانیان بێهیوا ببن و ڕوو لە کاری دیکە بکەن.