کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمەکانی کوردستان بە ناو شیرکەتەکانی دیکەی ئێرانەوە هەناردە دەکرێت

12:50 - 6 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: یەکێک لە بەرهەمهێنەرانی ماسیی تەزئینی لە پارێزگای سنەدا، بەهۆی یاساکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، بەرهەمەکەی لە لایەن شیرکەتێکی تارانییەوە هەناردە دەکرێت.

'' هومەن بلووریان'' کە یەکێک لەو لاوە خولقێنەرانەی شاری سنەیە، چەند ساڵە لە بواری بەرهەمهێنانی ماسیی تەزئینی لە پاریزگای سنەدا چالاکی دەکات و توانیویەتی بۆ چەندین لاوی دیکە هەلی کار دروست بکات.

ناوبراو لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "فارسـ"ـی سەر بە ڕێژیم، سەبارەت بە کێشەکانی بەردەمی دەڵێت: "گرینگترین و سەرەکیترین کێشەی ئێمە، یاساگەلێکن کە بەناو یاسای بێهداشتی، گرفتی بۆ ئیمە ساز کردووە کە ئیزنی کار و چالاکی بە کەس نادات. ئەم یاسایانە هەرچەند بۆ سەرانسەری ئێران دانراوە، بەڵام تەنیا لە پارێزگای سنەدا بەڕێوە دەچێت و لە پارێزگاکانی دیکەدا هیچ گرینگییەک بەم یاسایە نادرێت".

"هومەن بلووریان" لە هەمبەر هەناردەکردنی ماسیی تەزئینی باسی لەوە کردووە: "پاریزگای سنە لەگەڵ وڵاتی عێراقدا مەودایەکی کەمی هەیە و ئەمە بۆ هەناردەکردن هەلێکی باشە، هەر بۆیە شیرکەتێکی هەناردەکردنم دامەزراند، بەڵام بەهۆی ئەم یاسا سەخت و دژوارانە ناچار بووم کە شیرکەتەکە دابخەم".

ناوبراو لە دریژەدا وتوویەتی: "سەرەڕای ئەوەیکە بۆ خۆم بەرهەمهێنەرم، بەڵام بەرهەمەکانی من بە ناوی شیرکەتێکی دیکە لە تاران، هەناردە دەکرێت و سوودی هەوڵ و زەحمەتەکانی من دەچێتە گیرفانی ئەم شیرکەتە".

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە بەرپرسانیش دانیان بە هەڵەبوونی ئەم یاسایانە داناوە، بەڵام هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەرییان هەڵنەگرتووە.