کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ئامریکایی، باس لە دۆخی ئابووریی ئێران دەکەن

13:17 - 18 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: پاش وەگەڕخستنی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر کۆمپانیای پێترۆشیمیی ئێران، بەرپرسانی ئەو وڵاتە باسیان لە گوشاری زۆرتر بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و کاریگەریی گەمارۆکان لەسەر ئابووریی ئێران کردووە.

دوابەدوای ئەوەی کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، "کۆمپانیای پێترۆشیمیی کەنداو"، گەورەترین کۆمپانیی پێترۆشیمیی ئێرانیان و ٣٩ ناوەندی پێوەندیدار بەم کۆمپانیایەی خستە نێو لیستەی گەمارۆکانەوە، بەرپرسانی ئامریکایی سەبارەت بە زۆرتر کردنەوەی گەمارۆکان بە دژی ڕێژیمی ئێران و هەروەها کاریگەریی گەمارۆکان لەسەر ئابووریی ئێران لێدوانی جیاوازیان دا.

هۆکاری ئەم گەمارۆ ئابوورییە نوێیە بۆ پشتیوانیی ماڵیی قەرارگای "خاتەمولئەنبیا"، کە سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسدارانە، دەگەڕێتەوە.

"مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، پاش وەگەڕخستنی گەمارۆی نوێ بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداریی وڵاتەکەیەوە، لە تویتێکدا نووسیویەتی: "زۆرترین گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران درێژەیان هەیە."

هەر لەم پێوەندیییەدا، "جان بۆڵتۆن"، ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نیشتمانیی کۆشکی سپی، باسی لەوە کردبوو کە پشتیوانییە ماڵییەکانی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم ، دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە بەرەو ئاقارێکی خراپتر دەبات.

شایانی باسە کە کۆمپانیای پێترۆشیمیی کەنداو و کۆمپانیا پێوەندیدارەکانی، ٤٠ لەسەدی بەرهەمە پێترۆشیمییەکانی ئێرانیان بەرهەم هێناوە و ٥٠ لەسەدی هەناردەکردنی ئەم بیاڤەشیان لە ئەستۆدا بووە.

پاش هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە ڕیککەوتننامەی بەرجام و وەگەڕخرانەوەی دووبارەی  گەمارۆکانی ئامریکا، دۆخی ئابووریی ئێران ناسەقامگیرییەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە کە سەختبوونەوەی گوزەرانی خەڵکی بەدواوە بووە. بەرپرسانی ئامریکایی بە زیاترکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر ڕیژیمی ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدەن کە بەرپرسانی ئەو ڕیژیمە ناچار بە وتووێژ بکەن.