کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی حکوومەتیی لە ئێران زانیارییان لە سەر سپیکردنەوەی پارە هەیە

18:29 - 30 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: باڵوێزی ڕێژیم لە لەندن ڕایگەیاند، بەرپرسانی حکوومەتیی ئێران ساڵانێکە زانیاریی درووستیان لە سەر سپیکردنەوەی پارە لەو وڵاتەدا هەیە.

ڕۆژی سێشەممە ۲۹ی خەزەڵوەر، چەند کاتژمێرێک پاش داکۆکیی یەکێک لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم لە سەر قسەکانی "محەمەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە سپیکردنەوەی پارە لە ئێران، "حەمید بەعیدی‌ نژاد" باڵوێزی ئەو ڕێژیمە لە شاری لەندن پێتەختی وڵاتی بریتانیا قسەکانی "محەمەد جەواد زەریف"ـی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند، بەرپرسانی حکوومەتیی ئێران ساڵانێکە زانیاریی درووستیان لە سەر سپیکردنەوەی پارە لەو وڵاتەدا هەیە.

حەمید بەعیدی نژاد، لە تویتێکدا لە ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی تویتێری خۆیدا ڕایگەیاند: "بەرپرسانی پەیوەندیدار ساڵانێکە چاوەدێری سپیکردنەوەی پارە لە وڵاتدا دەکەن و زانیاریی درووستیان لە سەر ڕادەی سوودی نایاسایی سپیکردنەوەی ئەو پارەیە هەیە کە ساڵانە دەچێتە بازاڕی ئابووریی ئێرانەوە".

باڵوێزی ڕێژیم لە لەندن بەشێکی تر لە  تویتەکەی تەرخان دەکات بە بازرگانی قاچاخ لە ئێران و نووسیویەتی: "ساڵانە لە ئێراندا سێ میلیارد دۆلار ماددەی هۆشبەر، ۱۲.۶ میلیارد دۆلار کەلوپەل و دراو و هەروەها چل میلیۆن لیتر سووتەمەنی لە ڕۆژدا بە قاچاخ و نایاسایی مامەڵەی پێوە دەکرێت".

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێشتر ڕایگەیاندبوو، سپیکردنەوەی پارە ساڵانێکە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەکرێت و ئەوەش شتێکی شاراوە نییە تاکوو بیشارینەوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە مەبەستی پشتڕاست کردنەوە و داکۆکیی لە سەر قسەکانی "جەواد زەریف"، بێ ئەوەی کە ئاماژە بە ماوەی سپیکردنەوەی ئەو بڕە پارەیە بدات، ڕایگەیاند: "بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە بەردەستدان، لانیکەم نزیک بە دە (۱۰) تاکوو پازدە (۱۵) میلیارد دۆلار لە ئێراندا پارە سپی دەکرێتەوە".

سەرەڕای ئەوەیکە یەکەم جارە بەرپرسانی پلەبەرزی ڕێژیم دان بە گەندەڵییەکانی حکوومەتدا دەنێن، گرووپە توندئاژۆکان و "موحسێنی ئاژەی" بەرپرسی دەزگای دادی ڕێژیم، دژکردەوەی توندیان سەبارەت بە قسەکانی "محەمەد جەواد زەریف" و داکۆکیی ئەو بەرپرسەی وەزارەتەکەی، نیشان دا و لەمبارەیەوە داوای بەڵگەی پەیوەندیداریان لە "زەریف" کرد.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکانی هەواڵدەرییەکانی خودی ڕێژیم، نوێنەرە دەستنیشانکراوەکانی مەجلیسی ڕێژیم بڕیارە لە ڕۆژێکی دیاریکراودا "محەمەد جەواد زەریف" لە سەر قسەکانی بکێشنە مەجلیس و لەمبارەیەوە لێپرسینەوەی لێ بکرێت.