کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی عێراقی: ئێران داوای لە میلیشیاکانی کردووە جارێ دەست لە کێشەنانەوە هەڵگرن

12:05 - 2 سەرماوەز 2720

بەرپرسانی عێراقی ڕایانگەیاندووە؛ فەرماندەی سپای قودسی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ڕێبەرانی سیاسی و بەرپرسانی گرووپە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق و هەروەها لە پەیامێکدا داوای لێیان کردووە کا تا ماوەیەکی کاتی دەست لە ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکەدا هەڵگرن.

ڕێکەوتی١ی سەرماوەز بەرپرسانی عێراقی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئاسۆشێتدپرێس' ڕایانگەیاندووە "ئیسماعیل قائانی"، فەرماندەی سپای قودسی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران بە سەرجەم هێزە میلیشیاکانی ڕاگەیاندووە کە سەرەڕای ئامادەبوونیان، تا کاتێک "دانڵد ترامپ" لەسەر کارە هیچ ناکۆکییەک دروست نەکەن و بیانووی پێ نەدەن بۆ هێرش.

لە دەورانی سەرکۆماریی "دانڵد ترامپـ"ـدا ناکۆکییەکان لەنێوان ئامریکا و ئێراندا گەیشتە ئاستێکی بەرز و لەم دواییانەشدا ئامریکا هەڕەشەی هێرشی نیزامی وەک بژاردەیەکی بەردەست لە ڕێژیمی ئێران کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا چەند ڕۆژ پێش "حوسێن دێهقان"، ڕاوێژکاری ڕێبەری ڕێژیمی ئێران کاردانەوەی بەرانبەر بە هەڕەشەکانی ئامریکا نیشان دا و وتی: "پێکدادانێکی بەرتەسک و تاکتیکی دەتوانێت ببێت بە شەڕێکی تەواو".

هاوکات میلیشیا چەکدارەکان و هێزە تێرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی ناکۆکی لە ناوچەکەدا.