کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هێرش بۆ سەر پایگای "ئەلتاجیـ"ـیان مەترسیدار وەسف کرد

18:13 - 22 رەشەمه 2719

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هێرشەکەی سەر پایگای "ئەلتاجیـ"ـیان مەترسیدار وەسف کرد و ئەو هێرشەیان بە بەستێنێک بۆ بەهێزبوونی گرووپە توندڕەوەکان پێناسە کرد.

سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوایان کرد کە بکەرانی ئەو کارە بدۆزرێنەوە.

"نێچیرڤان بارزانی"، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و "مەسروور بارزانی"، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە دوو ڕاگەیەندراوی جیاوازدا هێرش بۆ سەر پایگای ئامریکایان بە مەترسییەک بۆ سەر ئەمنییەتی عێراق وەسف کرد.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەتوندی ئەو هێرشەی بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پایەگای"ئەلتاجیـ"ـی بەغدا مەحکووم کرد.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەیدا بڵاوی کردووەتەوە: "داوا له‌ لايه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان ده‌كه‌ين هێرشكەران بدۆزنه‌وه‌ و ڕووبه‌ڕووى ياسايان بكه‌نه‌وه‌، ڕێگه‌ش له‌ دووباره‌بوونه‌ى ئه‌م هێرش و دوژمنكاریيانه‌ بگرن كه‌ ده‌بنه‌ هۆى نانه‌وه‌ى بشێويى زياتر و دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كه‌ن".

هەروەها "مەسروور بارزانی"، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هێرشەکەی سەر بنکەی "ئەلتاجی" کە بوو بەهۆی کوژرانی دوو کەس لە هێزەکانی ئامریکا و یەک سەربازی بریتانیایی، مەحکووم کرد.

"مەسروور بارزانی" باسی لەوە کردووە، ئەم هێرشە دەبێتە هۆکارێک بۆ پەرەگرتنی نائارامییەکان لە دۆخی قەیراناویی ئیستا و ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە بە زیانی عێراق و سەرجەم گەلانی ناوچەکە دەبێت.

ناوبراو لە بەشێکی پەیامەکەیدا بڵاوی کردووەتە: "خوازیارین بە هاوئاهەنگیی هەموو لایەنە نیشتمانی و دڵسۆزەکانی ناوچەکە و هاوپەیمانان، ڕێگە لە هەر هەوڵێکی تێکدەرانە بگیرێت و تواناکان بۆ سەقامگیری و ئاشتی و باشترکردنی گوزەرانی هاووڵاتییان تەرخان بکرێت".