کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی پایەبەرزی ئیسرائیل گەڵاڵەی هێرشیان بۆ سەر ئێران تاوتوێ کرد

12:21 - 14 رێبەندان 2720

تێلێڤیزیۆنێکی ئیسرائیلی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندان لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە بەرپرسانی پایەبەرزی ئیسرئیل گەڵاڵەی ئەرتشی ئەو وڵاتەیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران تاوتوێ کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە بەرپرسانی ئیسرائیلی بۆ دابینکردنی تێچووی ئەو گەڵالەیە ئاخافتنیان کردووە.

بڕیارە دانیشتنی ئەمنییەتی شۆرای وەزیرانی ئیسرائیل لەوە بارەوە ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوە بچێت.

ئەم هەوڵەی بەرپرسانی ئیسرائیلی دوای ئەوە بووە کە ''بنی گانتس'' وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕێبەندان جەختی کردووە کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات هەڕەشە بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست دەکات.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە وتووێژێکدا لەگەڵ تێلێڤزیۆنی ''ئەلغەد'' سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانی لەبارەی هەڕەشەکانی ئێران و کردەوە تێرۆریستییەکان کە لە ڕێگای گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێن و ناوچەکەیەیان ناسەقامگیر کردووە، هۆشداریی دا دەستپێراگەیشتی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی هەڕشەیە بۆ ئەو ناوچەیە.

هەر لەو پێوەندییەدا ''ئانتۆنی بلینکێن''وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی ''ئێن بی سی'' وتوبووی، ئەگەر ڕێژیمی ئێران درێژە بە پێشێلکردنی بەڵێنییەکانی ڕێکەوتنی ناوکی بدات، لە چەند حەوتووی دیکەدا ئەگەری هەیە دەستی بە کەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی ڕابگات.

هەروەها ''ژەنەراڵ ''ئاڤیڤ کوخاوی'' بەرپرسی ستادی ئەرتشی ئیسرائیل حەوتوویەک لەمەو پێش ڕاگەیاند کە فەرمانی بە ئەرتشی وڵاتەکەی داوە هەتا پلانی زۆرتر لە ساڵی ٢٠٢١ دابڕێژن، کە ئەگەر ئیسرائیل بڕیاری هێرش بۆسەر ئێرانی دەرکرد، لە ئامادەیی دابن.