کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران پێشنیاری تازەیان هەیە

13:14 - 6 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، پێشنیاری واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی "عدم تعرض"ی بە وڵاتانی کەنداو داوە.

محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە سەفەری خۆی بۆ وڵاتی عێراق و لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ محەممەد عەلی حەکیم، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی جۆزەرداندا، باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران لە هەر چەشنە پێشنیارێک بۆ وتووێژ و نەهێشتنی ناکۆکی پێشوازی دەکات.

زەریف لەم دیدارەدا وتوویەتی کە : "ئێران تاکوو ئێستا کۆمەڵێک پێشنیاری جیاواز، سەبارەت بە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی "عدم تعرض"ی خستووەتە بەر دەم هەموو وڵاتانی کەنداوەوە."

بە پێی ڕێککەوتننامەی "عدم تعرض" لە نێوان دوو یا چەند وڵاتدا ڕێککەوتنێک دێتە ئاراوە کە لە ئەگەری ڕوودانی هەرجۆرە شەڕ و ناکۆکییەکدا ئەو وڵاتانە لە ئۆپەراسیۆنی نیزامیی دژ بە یەکدا بەشداری نەکەن.

چەواشەکارییەکانی زەریف سەبارەت بە پاراستنی ئاسایش لە ناوچەکە و هەروەها واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەکی لەو چەشنە بۆ پێشگرتن لە ناکۆکییەکان لەحاڵێکدایە کە لە خودی ڕێژیمی ئێران لە سەرەکیترین پێشێلکەرانی سەروەری حکوومەتەکانی دیکە بەئەژمار دێت؛ لە دیارترین نموونەکانی پێشیلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران دەکرێ ئاماژه بە هێرشە مووشەکییەکەی ئەو ڕێژیمە لە ١٧ی خەرمانانی ساڵی ٩٧دا بۆ سەر کەمپەکانی حێزبی دێموکرات لە شاری کۆیەی هەرێمی کوردستان بکرێت کە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی پۆلێک لە تێکۆشەرانی دێموکرات و بنەماڵەکانیان.

ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بە یەکێک لە سەرچاوەکانی شەڕ و ئاژاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەژمار دەکرێت کە بە شێوەی بەردوام خەریکی تەیارکردنی گرووپە توندڕەوەکان بە مەبەستی هەرچی زیاتر تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە.