سەپەرەستی جێگریی کاروبار و گەشەی بازرگانیی ڕێکخراوی پێشە و کانگا و بازرگانی وتوویەتی: لە ئێستا بۆ بەرهەمهێنانی ڕۆنی نەباتی کێشەیەک نییە و بەڵکوو بەرهەمهێنەران بۆ دابینکردنی تەنەکەی تایبەتی ئەو ڕۆنە لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بوونە".
''موحسێن بوستانی'' دانی بەوە داناوە کە لە فرۆشگا و دووکان و بازاڕەکاندا کەمیی ڕۆن هەیە و ئەو کێشەیەی بۆ تەنەکەی بەستەبەندیی ئەو ڕۆنە گەڕاندووەتەوە.
کێشەی کەمیی ڕۆن لە بازاڕەکان و هەروەها بەرزبوونەوەی دوو قاتی نرخەکەی، ناڕزایەتیی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.
لە ئێستادا بەهۆی کەمیی ڕۆن ملیۆنان بنەماڵەی کەمداهات لەو دۆخەی ئێستادا کە کۆرۆنا هەموو ئێران و کوردستانت تەنیوە، ناچارن بۆ بەدەستهێنانی ڕۆنێکی هەرزانتر چەندین کاتژمێر لە سەفدا ڕاوەستن.
لەکاتێکدا کە ڕۆژانە خەڵک لە بازاڕەکانی کوردستان و ئێراندا بۆ کڕینی نان، ڕۆن و مریشکی بەستوو لە سەفەکاندا ڕادەوستن؛ بەڵام ''حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران ماوەیەک لەمەو پێش وتبووی: "خەڵک پێویست نییە بۆ کڕینی کەلوپەلی خۆراکی لە سەفدا ڕاوەستن و لەو شەقام بۆ ئەو شەقام بڕۆن چۆنکە هەر شوێنێک چاوی لێ بکەی پڕە لە خواردن''.