کوردستان میدیا: بەرنوێژی کاتیی تاران وێڕای ئاماژه بە دانپێدانانی بەرپرسان بەوەی که ٨٠ لەسەدی کۆنترۆڵی دنیای مەجازی لە ئەستۆی ئامریکادایە، وتوویەتی ئەبێ فەرمانی دنیای مەجازی بەدەستی نیزامی کۆماری ئیسلامییەوە بێت!
ئەحمەد خاتەمی، پێشنوێژی کاتیی تاران لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیسنا، ڕایگەیاندووە: من لە سەر ئەو بڕوایەم که باوەڕمەندان به ئینقلابی ئیسلامی و لاوانی حیزبوڵڵاهی دەبێ بێنە نێو دنیای مەجازی، بنووسن، ئاگایی ببەخشن."
ناوبراو لە قسەکانیدا وێڕای ئاماژه بەوەی کە دنیای مەجازی، ڕاستییە و وەک تێکنۆلۆژی بەئەژمار دێت وتی: زۆرینەی خەڵک پێوەی سەرقاڵن بۆیە ئەبێ فەرمانەکەی بە دەستی ڕێژیمی ئێرانەوە بێت.
ئەحمەد خاتەمی باسی لەوە کردووە کە ئامریکا ئەیەوێ بەم شێوەیە هەموو دەوڵەتەکانی جیهان تووشی زەرەر بکات، بۆیە ئێمە بڕوامان به فیلتێرکردنی ئەو دنیا مەجازییە هەیە کە فەرمانی بە دەستی ئامریکایە.
قسەکانی خاتەمی لەحاڵێکدایە که حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وێڕای ڕەخنەگرتن لە فیلترینگ باسی لە نەبوونی میدیای ئازاد لە ئێراندا کرد. ڕۆحانی هێرشی خەڵکی ئێرانی بۆ دنیای مەجازی به خواستی ئەوان بۆ وەرگرتنی زانیاری ئازاد زانی. ئەمە لەحاڵێکدایە که فەیسبووک، تێلێگرام و تویتێر لە ئێراندا فیلتێر کراون و هەواڵەکانیش باس لە فیلتێرکردنی ئینستاگرام لە داهاتوودا دەکەن.