کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم بە هۆی نزیکبوونەوەی دژبەرانی خۆیان ترسیان لێ نیشتووە

10:54 - 28 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، لە ڕاستای یەکڕیزیی دژبەرانی خۆیان لە دەرەوەی ئێران هۆشداری داوە و ئەم یەکڕیزییەی بە پیلانی ئامریکا زانیوە.

مەحموود عەلەوی، وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی سەرماوەز، لە کاتی لێپرسینەوە و وڵامی پرسیاری نوێنەرانی مەجیلسی ڕێژیم، بە هۆی یەکڕیزیی دژبەرانی ڕێژیم لە دەرەوەی ئێران هۆشداری داوە و وتوویەتی: "بە پشتیوانیی ئامریکا، لایەنە دژبەرەکانمان، لە یەک نزیک دەبنەوە و لە پێناوی یەکڕیزی و زۆربوونیان هەوڵەکانیان وەگەڕ خستووە".

جەهانبەخش موحبی‌نیا، نوێنەری میاندواو لە مەجلیسی ڕێژیمدا، پرسیاری لە وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم کردووە، کە "وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم، بۆ لەنێوبردنی بشێوییە ئەمنییەتییەکان و پێشگیری لە هەر قەیرانێک لە ساڵی ١٣٩٧دا چ ڕێوشوێنێکی ئەمنییەتی ئەنجام داوە؟

وەزیری ئیتلاعات لەم بارەوە باسی لەوە کردووە، کە "دۆخی ئەمنییەتیی ئێستە ئێران لەگەڵ ساڵی رابردوو جیاوازە"، ناوبراو هەروەها وتوویەتی: لەگەڵ دۆخێکدا بەرەوڕووین کە ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی وڵاتانی دەوروبەر و تەنانەت وڵاتانی دوورەدەستیش ڕاستەوخۆ بەدژی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی هاتوونەتە مەیدان و لە گرووپە تێرۆریستییەکان بە شێوەی پارەی نەخت، شتومەک و ڕاهێنان پشتیوانیی دەکەن.

عەلەوی لە درێژەی قسەکانیدا، ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ناوچەکە بەتایبەت ئیسرائیلی تاوانبار کردووە، کە بە هەموو توانایانەوە هاتوونەتە مەیدان و دەستە تێرۆریستییەکان ڕێک دەخەن و بە پشتیوانیی ئامریکا لایەنە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە یەک نزیک دەبنەوە و لە پێناوی یەکڕیزی و زۆربوونیان هەوڵەکانیان وەگەڕ خستووە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە، کە "لە ئاستی دنیادا لە ماوەی یەک ـ دوو ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ٦٤ کۆبوونەوە و دانیشتن و هاوبیری لە نێوان لایەنە جۆراوجۆرەکانی گەلانی دژبەری ئێران ئەنجام دراوە، بۆ ئەوەی ئاستی شۆڕشی خۆیان لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا هاوتەریب بکەن".

ڕێژیم ئیسلامیی ئێران، کە بە هۆی سیاسەتە ناڕاست و پاوانخوازانەکانی لە هەموو بوارێکەوە چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەدا کەوتووەتە پەراوێزەوە، بەردەوام ناڕەزایەتی و هەڵویستی خەڵک و گەلانی بندەستی ئێران بە پیلانی ئامریکا و ئیسرائیل پێناسە دەکات و بەم جۆرە دەیەوێت ڕێگا بۆ سەرکوت و قەڵاچۆکردنی خەڵک و گەلانی ئێران خۆش بکات.