کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم دان بە کاریگەریی گەمارۆکان دەنێن

12:53 - 22 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک لە ساڵی داهاتوودا هۆشداری دا؛ بێکاری و کەمبوونەوەی توانای کڕین وەکوو دوو دیاردە هەڕەشە لە گوزەرانی خەڵک دەکەن.

ئێسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک لە ساڵی داهاتوودا هۆشداری دا.

ناوبراو کەمبوونەوەی توانای خەڵک و هەروەها زۆربوونی بێکاریی، بە ئاکامی ڕاستەوخۆی گەمارۆکانی ئامریکا و گوشارەکانی ئەم گەمارۆیانە زانیوە.

جەهانگیری لەمبارەیەوە وتوویەتی: "ئەگەر ئەمڕۆ سەبارەت بەم دوو بابەتە کار نەکەین و بەرنامە و سیاسەتی درووستمان نەبێت، ئەگەری هەیە لە داهاتوودا لە گەڵ هاتنەخوارەوەی زۆری توانای کڕینی خەڵکی ئێران بەرەوڕوو ببینەوە."

هەر لەم پێوەندییەدا، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە دۆخی قەیراناویی ئێران وتبووی: "تێدەگەم کە خەڵک دۆخێکی باشیان نییە، نرخی شتومەک زۆر گران بوووە و بارودۆخەکە باش نییە."

سەرەڕای حاشاکردنی گوشارەکانی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران لە لایەن کەسانێکی وەک ڕوحانی کە وتبووی گەمارۆکان هیچ کاریگەرییەکیان لە سەر دۆخی ژیانی خەڵک بە گشتی نەبووە ، هەندێک لە بەرپرسان جارجارە و لە ناکاودا باس لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم گەمارۆیانە دەکەن و هاوکاسەکانی خۆیان بەدرۆ دەخەنەوە.