کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە کوژراوانی خۆپیشاندانەکان لێدوانی ناتەبا دەدەن

12:47 - 9 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان و ڕێژەی کوژراو و برینداران، لێدوانی ناتەبا دەدەن و هەڵوێستی جیاواز لە یەکتر دەگرن.

پاش تێپەڕینی دوو حەوتوو لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان بەرانبەر بە سیاسەتە چەوتە ئابوورییەکانی ڕێژیمی ئێران و گۆڕینی ئاراستەی خۆپیشاندانەکان بۆ دژایەتیی نیزام، بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە و پێشنوێژانی هەینی، لێدوانی ناتەبا لەگەڵ یەک دەدەن.

وەک نموونەیەکی بەرچاو لە ناتەبایی لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە، خوتبە دژ بە یەکەکانی ئاخوندەکانی ڕێژیم بووە کە ئاخوند "ئەحمەد عەلەمولهودا"، "حەسەن ڕووحانی" تۆمەتبار دەکات و لە بەرانبەردا ئاخوند "عەلی ئەکبەری"، خۆپیشاندانەکانی بە "فیتنە" ناو لێ بردووە و داوای سزای توندی بۆ خۆپیشاندەران کردووە.

هەروەها لەنێو بەرپرسانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمیشدا ئەم ناتەباییە بەدی دەکرێت کە هەندێک لە بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە باس لە خۆپیشاندان لە ٢٩ پارێزگای ئێران دەکەن، هەندێکی دیکە باس لە ٢٧ و بەشێکیش باس لە ٢٨ پاریزگا دەکەن.

بەرپرسانی ڕێژیم بەردەوام لە لێدوانەکانی خۆیاندا باس لە خزمەتگوزاری و دابینکردنی ژیانێکی شیاو بۆ خەڵک دەکەن، بەڵام بە کردەوە، هەبوونی هەر دەنگێکی جیاواز، بە خراپترین شێوە سەرکوت دەکرێت.