کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم لە "سنە" گوشاریان بۆ خەڵک هێناوە کە دەبێ لە ٢٢ی ڕێبەنداندا بەشداری بکەن

11:11 - 20 رێبەندان 2721

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتوون، بەڕێوەبەری قوتابخانەی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە شاری "سنە" گوشاری بۆ قوتابییان هێناوە کە دەبێ لە ڕێوەڕەسمی ٢٢ی ڕێبەنداندا، بەشداری بکەن.

ئەو بەڕێوەبەرە بە قوتابییانی ئەو گوندەی وتووە کە دەبێ لە خوێندنی سروودی تایبەت بە ئەو ڕۆژە بەشداری بکەن و بەو هۆیە ئاڵۆزی و کێشەی خستووەتە نێو قوتابییەکانەوە.

هەروەها بەڕێوەبەری قوتابخانە پێی وتوون: "من چاکەی زۆرم بۆ ئێوە هەبووە و ئێوەش بەپێی ئەو چاکەیە دەبێ چاکەم بدەنەوە و لەو سروودەدا بەشداری بکەن ،ئەگەرنا دواتر بە زیانی خۆتان تەواو دەبێت".

بەپێی زانیاریی سەرچاوەی کوردستان میدیا، زۆربەی قووتابییان گوێیان بە هەڕەشەی ئەو بەڕێوەبەرە نەداوە و لەو سروودەدا بەشدارییان نەکردووە.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی ڕێژیم لە بەرەبەری ٢٢ی ڕێبەنداندا، سەردانی گوندەکانی کوردستان دەکەن و خەڵک ناچار دەکەن کە لە رێوڕەسمی ئەو ڕۆژەدا بەشداری بکەن.

ئەو بەرپرسانە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕێبەندان لە گوندی "مێراو" سەر بە شاری "سنە" و لە مزگەوتی ئەو گوندەوە ڕێوەڕەسمی ٢٢ی ڕێبەندانیان بەڕێوە بردووە، پاشان بێڕێزییەکی زۆریان بە "ناسر ڕەزازی" هونەرمەندی نەتەوەیی کورد کردووە. لەو ڕێوڕەسمەدا تەنیا بەکرێگیراو و دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم بەشدارییان کردووە.

هەروەها بەرپرسانی ڕێژیم داوایان لە خەڵکی "مێراو" کردووە کە ئاڵای ڕێژیمی ئێران هەڵ بکەن، بەڵام خەڵک ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵ کردووە.