
کوردستان میدیا: پاش تێپەڕبوونی مانگ و نیوێک بەسەر سەرکوت و کوشتاری بیڕەحمانەی خەڵکی ماهشەهر لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بەرپرسانی ڕێژیم بە مەبەستی چەواشەکاری خەریکی ئەنجامدانی خزمەتگوزاری لەو شارەدان.
پاسدار حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بەمەبەستی چەواشەکاری و بەلاڕیدابردنی بیری گشتی، سەردانی شاری ماهشەهری کردووە.
لەم سەردانەدا کە ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی بەفرانبار ئەنجام دراوە، پاسدار سەلامی لە شاری "چەمران" پرۆژەی دروستکردنی قوتابخانەیەکی ٦ پۆلیی دەست پێکردووە و ١١٠ جەهیزییەی بەو کەسانە داوە کە دەیانەوێت ژیانی هاوبەش پێک بێنن.
ئەم پاسدارەی ڕێژیم وتوویەتی کە بەرنامەی سپای پاسداران دروستکردنی خانوو بۆ کەسانی بێپەنا، دابینکردنی جەهیزییە بۆ لاوەکان و ڕێکخستنی کارگە و دەرمانگا بۆ خەڵکی ئەم شارەیە.
ئەم پیلانەی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی سەرپۆش دانان بەسەر کوشتارە بێرەحمانەکەی خەڵک لەم شارە لە مانگی خەزەڵوەردایە کە بە مەبەستی سەرکوتی خەڵک و خۆپیشاندەران جینایەتێکی گەورەیان خولقاند و تاکوو ئێستاش ئامارێکی ڕوون لە ژمارەی کوژراو، برینداربووان و دەسبەسەرکراوان لەبەر دەستدا نییە.