کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسایەتیی لێدانی واکسەنی ڕووسی لە ئێراندا لەسەر خودی تاکەکانە

12:05 - 18 رێبەندان 2720

جێگری تەندروستیی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم وتوویەتی کە بەرپرسایەتیی لێکەوتەکان و ئەگەری مەرگ بەهۆی واکسەنی کۆرۆنای ڕووسیەوە لەسەر ئەستۆی خودی تاکەکانە و نە ئەوان و نە شیرکەتی بەرهەمهێنەر لێکەوتەکانی وەئەستۆ ناگرن.

ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندان، "عەلیڕەزا ڕەئیسی" جێگری تەندروستیی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی کە بەرپرسایەتیی کوتانی واکسەنی "سپۆتنیک ڤیـ"ـی ڕووسی لەسەر ئەستووی ئەو کەسانەیە کە وەری دەگرن.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە ئەگەری هەیە ئەو واکسەنە لە هەندێک لە کەسەکاندا لێکەوتەی بە دواوە بێت، بەڵام کوتانی ئەو واکسەنە خوازیارانەیە و ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانیش پەسندی کردووە.

"ڕەئیسی" هەروەها ڕایگەیاندووە کە بەهۆی ئەوەی کە ئەو واکسەنە فازی ٤ی تێنەپەڕاندووە، هیچ بەرپرسایەتییەک بەنیسبەت لێکەوتەکان و ئەگەری مردنەوە لەسەر شێرکەتی بەرهەمهێنەری نییە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها وتوویەتی ئەو واکسەنە بۆ گرووپە پڕ مەترسییەکان بەخۆڕایی دەبێت و بەرنامەیەکیشیان بۆ وەرگرتنی ڕەزایەتنامە بۆ کوتانی واکسەنەکە نییە و هەرکەس پێی خۆش بێت دەتوانێت بە کاری بێنێت و زۆرەملێ نییە.

ئەم قسانەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لەکاتێکدایە ئەو بەرپرسایەتییە دەگەڕێتەوە سەر وەزارەتی بێهداشتی ڕێژیم کە واکسینێکی گونجاو و بە کەمترین مەترسییەوە بۆ خەڵک دابین بکات، بەڵام بەپێچەوانەوە گیانی خەڵک لەو وڵاتەدا دوایین سەرەتییە بۆ ڕێژیم.