کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی سپای پاسداران هەڕەشەی لە ئیسرائیل و ئامریکا کردووە

12:05 - 8 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی نیزامیی ڕێژیمی ئێران، بە هەڕەشەوە باسی لەوە کردووە، کە پێدەچێت هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێوشوێنی هێرشبەرانە بگرنە بەر.

محەممەد باقری، ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی ڕێبەندان، لە پەراوێزی دانیشتنێکدا، لە پێوەندی لەگەڵ شەڕە قسەکانی نێوان تاران و ئامریکا سەبارەت بە بەرجام، ڕەخنە لە چالاکییە مووشەکی و ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی ڕێژیمی ئێران، باسی لە ڕێوشوێنی هێرشبەرانە کردووە.

ئەم بەرپرسە باڵا نیزامییەی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە: "ئەگەرچی تاران بەتەما نییە کە هێرش بۆ سەر هیچ وڵاتێک بکات بەڵام ئەمە بەو مانا نییە کە ڕێوشوێنە نیزامییەکانی بەتەواوەتی بەرگریکارانەیە و بۆ داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی خۆمان پێدەچێت ڕێوشوێنی هێرشبەرانە ڕەچاو بکەین".

ناوبراو لەبەرگرتنی ئەم ڕێوشوێنەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، هەتا بێگانەکان بە بینینی ئاسەوارەکانی ئەم ڕێوشوێنە، لە بیری دەسدرێژی و هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێمەدا نەبن.

بەپێی قسەکانی باقری، بە ئاڵۆگۆڕ لە چییەتی مانۆڕەکانی ئەمساڵ لە گەروی هۆرمۆز، کەنداو، زەریای عومان کە لە ئاسمان و زەوی و دەریایەوە ئەنجام دران، سیاسەتی هێرشبەرانە بەرەو گەشەکردن و هەڵکشانە.

پێشتریش خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، داوای لە فەرماندەکانی هێزی دەریاییی ئەرتەشی ڕێژیم کردبوو، کە بە بردنەسەرەوەی "توانایی و ئامادەییـ"ـی خۆیان، کارێک بکەن، دوژمنان نەوێرن هەڕەشە لە ئێران بکەن.

هەڕەشەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ئیسرائیل و ئامریکا چل ساڵە دەبیسرێت، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت، لە ماوەی ئەم چل ساڵە جگە لە هاتوهاوار نەبێت، نەیانتوانیوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەرەوڕووی ئەم دوو وڵاتە ببنەوە و تەنیا لە ڕێگای گرووپە تێرۆریستییەکانیان، کردەوەی تێرۆریستییان ئەنجام داوە.