کوردستان میدیا: بەرپرسی ڕێکخراو پەدافەندی غەیر عامڵی ڕێژیم، داوای لە خەڵک کردووە، لەسەر شەقامەکاندا دۆلار بسووتێنن.
غوڵامڕەزا جەلالی، بەرپرسی ڕێکخراوی پەدافەندی غەیر عامڵی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی جۆزەردان داوای سووتاندنی دۆلاری کردووە و ئەم کارەی وەک هێرشێکی هەمەلایەنە بۆ سەر خاڵی لاوازی دوژمن "ئامریکا" پێناسە کردووە.
ئەم بەرپرسەی ڕێژیم وتوویەتی: "ئەگەر ئەم ئیرادەیە لە وڵاتدا دروست بێت کە خەڵک لە شەقامەکاندا وەک وڵاتی تورکیە دۆلار بسووتێنن و یەکڕایی بۆ بردنەسەری بەهای پارەی وڵات دروست بکرێت، دەتوانێت وەک هێرشێکی هەمەلایەنە بۆ سەر خاڵی لاوازی دوژمن پێناسە بکرێت".
ناوبراو لە درێژەدا بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە وڵاتانی "چین، ڕووسیە، تورکیە، ئێران و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەیانەوێت دۆلار لە ئاڵووێری ماڵیی وڵاتەکیان وەلا بنێن".
هەروەها غوڵامڕەزا جەلالی، چوونەسەرەوەی نرخی نەوتی وەک دووەم خاڵی لاوازی ئامریکا و ئورووپا ناودێر کردووە و لە زاری کۆمەڵێک ئابووریناسەوە بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوەکانیان بکات وتوویەتی: "زۆرێک لە ئابووریناسان لەسەر ئەو باوەڕەن ئەگەر نرخی نەوت بگاتە ١٠٠-١٢٠ دۆلار ئەوە هەموو گەمارۆوەکان لا دەبرێن، چونکە نە ئامریکا و نە ئورووپا توانای تەحەموڵکردنی نەوتی ١٠٠-١٢٠ دۆلاریان نییە".
بەرپرسی ڕێکخراوی پەدافەندی غەیر عامڵ، لە کاتێکدا داوای ئەوە دەکات، کە دۆلار لە شەقامەکاندا بسووتێنرێت کە بەهای ڕیاڵ لە بەرامبەر دۆلاردا بەبڕی ٧٠٠/١ بووە.